ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ سەپاندنی سزای بەرچاو بەسەر ڕوسیادا ڕاگەیاند ئەگەر ناتۆ ڕەزامەندی دەرببڕێت بە ڕاگرتنی کڕینی نەوتی ڕووسیا، بە ئاماژە بەوەی کە ئەمە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ڕووسیا و نزیکبوونەوەی شەڕی ئۆکرانیا لە کۆتایی. هەروەها داوای سەپاندنی باج بەسەر چین و هیندستان کرد بۆ وەستاندنی بودجەی جەنگ لەلایەن ڕووسیا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ، لە وتارێکیدا بۆ وڵاتانی ناتۆ، ڕایگەیاند، ئامادەیە سزای گەورە بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت ئەگەر هەموو وڵاتانی ناتۆ ڕێکبکەون لەسەر ڕاگرتنی کڕینی نەوت لە ڕووسیا، بە وتەی واشنتۆن سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروث سۆشیاڵ) ، پابەندبوونی ناتۆی بە سەرکەوتن لە شەڕی ئۆکرانیادا بە "زۆر کەمتر لە 100%" زانی و ڕایگەیاند کە کڕینی نەوتی ڕووسیا لەلایەن هەندێک وڵاتی ناتۆوە "شۆککەر"ە.
ترامپ وتیشی: پێموایە ئەمە، لەگەڵ ناتۆ، وەک بلۆکێک، سەپاندنی باجی 50% بۆ 100% بەسەر چیندا، کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە تەواوی لەناو دەچێت، هاوکات یارمەتیدەرێکی زۆری دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە خوێناوی و گاڵتەجاڕییە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، چین کاریگەری و کۆنترۆڵی بەهێزی بەسەر ڕوسیادا هەیە، ئەو باجە توندانەش "دەستی بەسەر ڕوسیادا دەشکێنن".
وتیشی: "ئەگەر ناتۆ ئەوەی من دەیڵێم بیکات، ئەوا شەڕەکە بەخێرایی کۆتایی دێت و هەموو ئەو ژیانە ڕزگاری دەبێت، ئەگەر نەیکەن، ئەوا کات و کات و وزە و پارەی ئەمریکا بەفیڕۆ دەدەیت".
ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ڕۆژی پێنجشەممە بە پشتبەستن بە چوار سەرچاوەی ئاگادار، ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە نیازە فشار بخاتە سەر وڵاتانی تاقمی حەوت بۆ سەپاندنی باجی زۆر بەسەر هیندستان و چین بۆ کڕینی نەوتی ڕووسیا، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ پاڵنانی ڕووسیا بۆ دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا.