Apora Logo

تایوان: چین خۆی بۆ شەڕێکی گەورە ئامادە دەکات دەیەوێت کاریگەری ئەمریکا لە ئاسیا نەهێڵێت

تایوان: چین خۆی بۆ شەڕێکی گەورە ئامادە دەکات دەیەوێت کاریگەری ئەمریکا لە ئاسیا نەهێڵێت

بەرپرسێکی تایوان ڕایگەیاند، چین خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات بە ئامانجی لکاندنی تایوان و لە هەمان کاتدا تێکدانی نفوزی ئەمریکا لە ئاسیا و جێگرتنەوەی وەک پێشەنگی جیهان.

13/9/2025

چیو چوی چێنگ، سەرۆکی ئەنجومەنی کاروباری سەرزەویی تایوان بۆ دامەزراوەی میرات کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، ڕوونیکردەوە، پارتی کۆمۆنیستی دەسەڵاتداری چین لە مێژە ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری بەکارهێنانی هێز دژی تایوان بێت، کە پەکین بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت.


ئاماژەی بەوەشکرد، چین لە هەوڵەکانیدا بۆ "یەکگرتن لەگەڵ تایوان"، ئامانجی دوورخستنەوەی نفوزی ئەمریکایە لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن و دواجار جێگەی ئەمریکا وەک پێشەنگی جیهان "لەپێناو گەڕاندنەوەی شکۆمەندی نەتەوەیی و بەدیهێنانی خەونی بەناو چینی".


ئاماژەی بەوەشکرد، پەکین "ئامادەکاری چالاکانە بۆ شەڕ دەکات" و تیشکی خستە سەر چڕبوونەوەی چالاکییە سەربازییەکانی چین لە دەوروبەری دوورگەکەدا.


وتیشی: ئەگەر چین بە زۆر دەست بەسەر تایواندا بگرێت، ئەوە کاریگەری شەپۆلاوی لێدەکەوێتەوە و هاوسەنگی هێزی ناوچەکە تێکدەدات و ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی ئەمریکا دەکات.


جەختی لەوە کردەوە کە تایوان کە پێشەنگی بەرهەمهێنانی مایکرۆچیپی پێشکەوتوو لە جیهاندا، ناوەندێکی جیهانی تەکنەلۆژیای بەرزە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر ڕۆڵی تایوان لەم بوارەدا تێکبچێت، ئەوە خەسارێکی گەورە دەبێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا و کەرتی تەکنەلۆژی.

;