لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەل ئیخبارییە، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بە کشانەوەی سوریا لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1974 دادەنێت، "سەرەڕای ئەوەی دیمەشق لە یەکەم ساتەوەختی پابەندبوونی بەو ڕێکەوتنە ڕاگەیاندووە".
سەرۆک کۆماری سووریا ڕوونیکردەوە، کە بەشێک لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا ڕەنگدانەوەی خەم و پەژارەی ڕووخانی ڕژێمی پێشوون، دەیانەوێت سوریا وەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێ لەگەڵ ئێرانییەکان بمێنێتەوە و شوێنێک بێت بۆ یەکلاکردنەوەی دەیان کێشە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران، شەرع گوتی؛ کە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو بووە هۆی دەرکردنی "چەکی ئێران" لە ناوچەکە و پەیوەندییەکانی سووریا و ئێران چووە ناو "دۆخی ساردی".
ئاشکراشیکرد، "برینەکە لەگەڵ ئێران قووڵترە، بەڵام ئێمە ناڵێین درزێکی هەمیشەیی لە نێوان ئێمە و ئێرانییەکاندا دروست دەبێت".
ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان سوریا و ڕووسیا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە ئەم پەیوەندییانە لەسەر بناغەی سەروەری سوریا و سەربەخۆیی بڕیارەکانی بنیات بنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی نوێی سوریا چەندین پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیا بە میرات گرتووە، "دەبێت بە شێوەیەکی ئارام و پێوانەکراو بپارێزرێت و بەڕێوەببرێت".
شەرع گوتیشی؛ سوریا نایەوێت لەگەڵ هیچ وڵاتێکی جیهاندا لە حاڵەتی دڵەڕاوکێ و گرژیدا بێت و سیاسەتەکەی لەسەر بنەمای "بەدواداچوون بۆ ئارامیی تەواو لە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان" دامەزراوە.
سەرۆک کۆماری سووریا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "پەرتەوازەیی یان هەر تەماحێک بۆ سەربەخۆیی یان شتی وا قبووڵ ناکات"، ئاشکراشیکرد، ئەگەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵی بەدواداچوونی جۆرێک لە دابەشکردن بدات، ئەوە زیان بە عێراق و تورکیا دەگەیەنێت.