کارکیی تەمەن 73 ساڵ کە بە پێداگرییەکەی لەسەر سەربەخۆیی و راستگۆیی ناسراوە، زۆرجار باسی لە پێویستیبوونی شەفافیەت و سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە.
رۆژی هەینی 12-09-2025 کیران پۆخارێل، راوێژکاری میدیایی سەرۆکایەتیی نیپاڵ رایگەیاند، "سەرۆک رام چاندرا پادێل، سوشیلا کارکی وەکو سەرۆکوەزیران دەستنیشان دەکات." هەر ئەمڕۆش کارکی سوێندی یاسایی خوارد.
نیپاڵ چەند رۆژێک بە زنجیرەیەک خۆپێشاندانی خوێناویدا تێپەڕی و تێیدا پەیکەری حکومەت هەژا. ئەوانەی خۆپێشاندانیان کرد، زۆرینەیان گەنج بوون و ناویان لەخۆ ناوە نەوەی زێد (Gen Z).
کارکی لە ساڵی 1952 لە بیراتناگار، شارێکی پیشەسازی لە رۆژهەڵاتی نیپاڵ لەدایکبووە، بڕوانامەی لە زانستە سیاسییەکان لە هیندستان، دواتر بڕوانامەی یاسای لە کاتماندو، پایتەختی نیپاڵ بەدەستهێناوە.
کارکی لە ساڵی 1979 دەستی بە کاری پارێزەری کرد و بە خێرایی ناوبانگێکی باشی وەک پارێزەرێکی چاونەترس بەدەستهێنا، زۆرجار ئەو دۆسیانەی وەردەگرت کە پارێزەرانی دیکە خۆیان لێ دەدزییەوە.
لە ساڵی 2012، کارکی یەکێک بوو لەو دوو دادوەرەی دادگەی باڵا کە وەزیرێکی حکومەتیان لەسەر گەندەڵی زیندانی کرد، ئەمە یەکەمجار بوو لە نیپاڵ بەم جۆرە شەڕی گەندەڵی بکرێت.