ڕۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆت، لە ژمارەی ئەمڕۆی دا بڵاویکردۆتەوە، کە گرووپێکی هاکەری تورکی بە سەرکەوتوویی مۆبایلی 11 وەزیریان لە حکوومەتەکەی بنیامین نەتانیاهۆیان هاککردووە و ژمارە تایبەتەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردووەتەوە.
لیستی مۆبایلە هاککراوەکان بریتی بوون لە مۆبایلەکانی؛ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ و ئەمیر ئۆهانا سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل و یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل و وەزیرەکانی دیکە، لەوانە یاریڤ لڤین، ئێلی کۆهین، دودی ئەمساڵم، یۆاڤ کیش، میری ڕێگێڤ، میکی زۆهار، ئەڤی دیچتەر و نیر بارکات.
بۆ کەمکردنەوەی ڕادەی کارەساتەکە، بازنەکانی پەیوەندیدار لە تەلئەبیب ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕەنگە ژمارە تەلەفۆنی بڵاوکراوی نەتانیاهۆ بەسەرچوو بێت.
ئەم هێرشانە دوای هاککردنی مۆبایلی وەزیری بەرگری یسرائیل کاتز لە ڕۆژی پێنجشەممەدا دێت. کاتز پەیوەندییەکی کورتی ڤیدیۆیی لەگەڵ یەکێک لە هێرشبەرەکان هەبووە و هەروەها پەیامی هەڕەشە و سووکایەتیکردن لەلایەن هاککەرەکانەوە پێگەیشتووە، ئەمەش ناچار بووە دەستبەجێ مۆبایلەکەی بکوژێنێتەوە.
بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل دانیان بەوەدا ناوە کە هەوڵەکان بۆ هاککردنی تەلەفۆنی بەرپرسان لە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ ئێران لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا زیادی کردووە.
جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی هاکەرەکانی تورکیا لە کاتێکدایە کە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، بەتایبەتی دوای لێدوانەکانی کاتز دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە مانگی ئابی 2023، کە تیایدا ئەنقەرەی تۆمەتبار کرد بەوەی "وڵاتەکەی کردووە بە دیکتاتۆریەت و پشتیوانی لە حەماس دەکات".