ڕۆژی هەینی 12ی ئەیلولی 2025، ئەڤیچای ئەدرایی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس لیستێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئامادەکراوە و تێیدا ١٤ ناوچەی تێدایە کە دانیشتوانی شاری غەززە دەتوانن دەستیان پێ بگات.
سوپا دانیشتووانی شاری غەززەی ئاگادار کردۆتەوە کە "مانەوە لەو ناوچەیە لە ڕادەبەدەر مەترسیدارە" و داوای لێکردن بەرەو ئەو ناوچانەی پێشتر باسکراون، لەوانە نوسیرات، دێر ئەلبەلا و هەندێک گەڕەک لە خان یونس.
دوای هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی شارەکە هەزاران ئاوارە ماڵ و حاڵی خۆیان بە پێ بەرەو ناوچەکانی تر جێهێشت.
بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە شاری غەززە ماونەتەوە و سەرەڕای نیگەرانییە ئەمنییەکان بەرەو باشوور نەڕۆیشتوون و خەڵکی مەدەنی لە غەززە بەبێ شوێنێکی سەلامەت گیریان خواردووە و خێزانەکان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی سەخت و زیادبوونی نائاسایشی خۆراک.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ناوچە وێرانکراوەکانی فەلەستین بەردەوامن بۆردوماکردن و گەمارۆدان و کەمیی یارمەتییە مرۆیی و خۆراکییەکانەوە.
سوپای ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی "بەردەوامی بوونی دانیشتوانی شاری غەززە لەو ناوچەیە دەیانخاتە مەترسییەوە".
پێشتر دەزگای مرۆیی غەززە ڕایگەیاندبوو کە بەشێوەیەکی کاتی دابەشکردنی ئەو یارمەتییانە ڕادەگرێت کە تایبەتە بە ژنان لە کەرتی غەززە، ئەمەش بە ئاماژەدان بە پلانی گوماناویی حەماس بۆ پەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکان.
بەگوێرەی ئاماری دامەزراوەکە، کە ڕێکخراوێکی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیلە، ڕۆژی پێنجشەممە سەدان پیاو لە ناوەندێکی فریاگوزاری لە خان یونس لە باشووری غەززە کۆبوونەوە.
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی X ی خۆی ڕایگەیاندووە، "سەرچاوە ناوخۆییە باوەڕپێکراوەکان ئاگاداریان کردینەوە کە ئەو کەسانە خەڵکی حەماسن و بەنیازن هێرش بکەنە سەر شوێنەکە".
ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: هەروەها زانیاری جێی متمانەمان پێگەیشت کە ئەندامانی حەماس بەنیازن دزە بکەنە ناو ئەو شوێنانەی دابەشکردنی یارمەتییەکان کە تەنها بۆ ژنان دیاریکراون و جل و بەرگی ژنانیان لەبەردا بووە.
ڕێکخراوەکە ڕوونیشیکردەوە، کە زوو ئەو شوێنەیان داخستووە و لە ڕۆژی هەینیدا دابەشکردنی ئەو هاوکارییانەی کە بۆ ئافرەتان دانراوە لە سەرجەم شوێنەکانیدا ڕادەگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە بژاردەیەک نییە کە ئێمە دەمانەوێت، بڕیارێکە لەلایەن حەماسەوە سەپێنراوە".