لە بەیاننامەکەدا کە لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا داڕێژراوە، تێیدا هاتووە "ئەندامانی ئەنجومەن جەختیان لە گرنگی کەمکردنەوەی ئاستی پەرەسەندن کردووە، هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ قەتەر دەربڕیوە و پشتیوانی خۆیان بۆ سەروەری قەتەر و یەکپارچەیی خاکی قەتەر دووپاتکردووەتەوە".
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەندامان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئازادکردنی بارمتەکان، لەوانە ئەوانەی کە لە لایەن بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینیەوە کوژراون، و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئازارەکانی غەززە، دەبێت لە پێشێنەی کارەکان بمێنێتەوە.
لە دوای هێرشی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 و دواتر شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەنجوومەنی ئاسایش تاڕادەیەکی زۆر نەیتوانیوە هیچ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر بەهۆی دووبارە بەکارهێنانی ڤیتۆ، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو کە سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر کردبووە ئامانج، ڕەخنەی دەگمەنی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت و ناڕەزایی خۆی لەو هێرشە نەشاردەوە.
ئیسرائیل هەوڵیدا سەرکردە سیاسییەکانی بزووتنەوەی حەماس لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر دەوحە تیرۆر بکات، کاربەدەستانی ئەمەریکاش بە پەرەسەندنێکی تاکەکەسی وەسفیان کرد کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی ناکات.
لە بۆردووومانەکەدا حەماس کوژرانی پێنج ئەندامی خۆی لەو هێرشەدا ڕاگەیاند کە یەکێکیان کوڕی خەلیل ئەلحەیای بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لە غەززەیە.
چاودێران پێیانوایە، ئەم هێرشە هەڕەشەیەکە بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕی نزیکەی دوو ساڵە لە ڕێڕەو دەربهێنێت.
"هەڵکشانێکی مەترسیدار کە جیهانی تووشی شۆک کرد"
ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتی بۆ کاروباری سیاسی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل کە لەم هەفتەیەدا سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسیان کردۆتە ئامانج لە دۆحە، "هەڵکشانێکی مەترسیدارە کە جیهانی تووشی شۆک کرد".
دیکارلۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو هێرشە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی قەتەر و دۆحەی بە "هاوبەشێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی" وەسفکرد.
لای خۆیەوە، نوێنەری جەزائیر لە ئەنجوومەنی ئاسایش، عەمار بنجەماع، ئیدانەی بۆردومانەکەی کرد و گوتی؛ ئیسرائیل وەک ئەوەی لە سەرووی یاساوە بێت مامەڵە دەکات و سنوورەکانی بونیان نەماوە.
بنجەماعە هەروەها هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بە "هێرشکردنە سەر دیپلۆماسی و نێوەندگیری" وەسف کرد و نیشانی دا کە ئەو وڵاتە نایەوێت لەسەر غەززە بگەنە ڕێککەوتن. نوێنەری جەزائیر داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد کە هەموو ئامرازەکانی بەردەست بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل کەڵک وەربگرێت.
لای خۆیەوە دۆرۆتی شیا، نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند، ترەمپ لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ ئەمیری قەتەر پشتڕاستی کردەوە کە جارێکی دیکە شتێکی لەو شێوەیە لەسەر خاکی قەتەر ڕووناداتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆردومانکردنی تاکلایەنە لە ناوخۆی قەتەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەدی ناهێنێت".
بەڵام شیا "نەهێشتنی حەماس بە ئامانجێکی جێی دەستخۆشی" زانی و ڕایگەیاند، ترەمپ دەیەوێت بارمتەکان ئازاد بکات و شەڕەکە ڕابگرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتانیاهۆ خواستی خۆی بۆ ئاشتی بۆ ترەمپ پشتڕاستکردەوە.