ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی پەیوەست بە عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای "یاسای ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی" کە سیاسەتە سەربازییەکانی واشنتۆن دیاری دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی میدیایی"ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی 231 بە 196، بە پاڵپشتییەکی نائاسایی لەلایەن بەشێک لە کۆمارییەکان یاساکەی پەسەندکرد تەنها چوار کۆماریخواز دژی وەستانەوە، لەکاتێکدا 17 دیموکرات دەنگیان بە قازانجی یاساکە بە گشتی داوە".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرچاوترین هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە هەڵوەشاندنەوەی دوو مۆڵەتی جەنگی کۆنە: ئەو مۆڵەتەی ساڵی 2002 کە بۆ لەشکرکێشی عێراق بەکارهاتووە، هەروەها ڕێگەپێدانی ساڵی 1991 کە پەیوەندی بە شەڕی کەنداوەوە هەبووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ئەنجومەنی نوێنەران پێشتر ڕەزامەندی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ساڵی 2002 لە ساڵی 2001 دابوو، لەکاتێکدا ئەنجومەنی پیران لە ساڵی 2023دا پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد کە هەردوو ڕێگەپێدانەکە (1991 و 2002) پێکەوە هەڵوەشاندەوە.
هاوكات، ڕەخنەگرانی ئەو مۆڵەتە کۆنانە دەڵێن: دەسەڵاتی زیادەڕۆیییان بە سەرۆکەکانی ئەمریکا داوە و ڕێگەیان پێداوە بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس یان ڕاگەیاندنی شەڕی فەرمی دەست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەن، بۆ نموونە لە سەردەمی جۆرج بۆش لە ساڵی 2002 مۆڵەتەكە دەرچوو بەڵام لە ساڵی 2020 لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بەکارهێنرا بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و مەهدی موهەندیس سەرۆکى حەشدى شەعبی.
جێگای ئاماژەیە، بە وتەی چاودێران هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە لە ئێستادا هەنگاوێکی یاسایی گرنگە بۆ دووبارە هاوسەنگکردنەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان لە بڕیارەکانی سەردەمی جەنگدا.