بەرەبەیانی ئەمڕۆ 11ـی ئەیلوول، هەسەدە لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکانی شاری دێرحافر لە پارێزگای حەلەب کە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
هەسەدە رایگەیاند: "هێزهكانمان بەوپەڕی تووندییەوە وەڵامی هەوڵەکانی دزەکردن و هێرشی تۆپخانەی ئەو گرووپە یاخیبووانەی سەر بە حکومەتی دیمەشقی دایەوە، کە لە ناوچەی دێرحافر کردیان و هەموو هەوڵەکانیان پووچەڵ کرایەوە".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا هاتووە: "جەخت دەکەینەوە، کە بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە دەستیکردووە بە زێدەڕۆیی لە رێگەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیری گشتی دەکەن".
هەروەها فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، "دۆخی ناوچەکە ئارامە".
بەڵام وەزارەتی بەرگریی سووریا، هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد، کە دەستپێشخەر بوون و چەند گوندێکیان تۆپباران کردووە.
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، هێزەکانی هەسەدە بەشێوەیەکی "نا بەرپرسانە و لەناکاو" چەندین گوندیان لە رۆژهەڵاتی حەلەب بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی هەسەدە لە رێگەی فڕۆکەخانەی سەربازیی جەراح و دەوروبەری شاری مەسکەنەوە، چەندین ماڵی هاووڵاتییانی لە گوندەکانی (کیارییە، رەسم ئەحمەر، حەبوبە کەبیر) لە رۆژهەڵاتی حەلەب کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەشڵێت، "دژی ئەو هێرشانەی هەسەدە، هێزەکانی وەزارەت لە ناوچەکە کە خراونەتە ئامادەباشییەوە، دەستیان بە ئامانجگرتنی سەرچاوەکانی بۆردوومانەکە کردووە".
ئاڵۆزییەکان لەکاتێکدان، 10ـی ئاداری ئەمساڵ رێککەوتنێکی 8 خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، واژۆ کرا، کە هەموو خاڵەکانی پەیوەستن بە هاوئاهەنگی و رێککەوتن.