24 ساڵ بەسەر روداوەکانی 11ی سێپتەمبەر لە ئەمریکا تێدەپەڕێت، کە تێیدا چوار فڕۆکەی بازرگانی ئاراستەکانیان بەرەو هەردو تاوەری بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن گۆڕدراوە و بەهۆیەوە زیاتر لەسێ هەزار کەس کوژران، ئەو تیرۆریستانەی ئەلقاعیدە، پێشتر لە ئەمریکا بون، سودیان لە دەرفەتە کراوەکانی ناو وڵاتەکە وەرگرتوە و ژمارەیەکیان وەک خۆئامادەکردن بۆ ئەو هێرشانە بەشداریان لە خولی تایبەتی فڕۆکەوانی کردوە.
رۆژی 11ی (سێپتەمبەر/9)ی 2011، چوار فڕۆکەی بازرگانی لەلایەن گروپێکی سەر بەرێکخراوی قاعیدە فڕێنران و ئاراستەکانیان بەرەو هەردو تاوەری بازرگانی جیهانی و بارەگای سەرەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) گۆڕدرا، ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامدابو دابەشبوبون بەسەر چوار گروپدا، لە هەر یەکێک لەو گروپانەدا لانیکەم یەکێکیان خولی فڕۆکەوانی بینیبو، تا لە کاتی ڕفاندنی فڕۆکەکاندا بتوانێت کۆنترۆڵی ئاڕاستەی ڕۆیشتنی فڕۆکەکە بکات.
محەمەد عەتا هاوڵاتی میسری، سەرۆکایەتی هەر 19 تێرۆریستەکەی دەکرد و خولی فڕۆکەوانی بینیبو و لەگەڵ عەبدولعەزیز ئەلعومەری و وائیل ئەلشەهری و وەلید ئەلشەهری و سەگام ئەلسوقامی کە هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە بون و لە گەشتی ئاسمانی ژمارە 11ی هێڵی ئاسمانی ئەمێریکان ئێرلایندا بون.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەستەی دوهەمیش لە گەشتی ژمارە 175ی هێڵی ئاسمانی یونایتد ئێرلاین، بریتیبون لە فایز بن حەماد و مەروان بن ئەلشەحی، کە هاوڵاتی میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەب بون و ئەحمەد ئەلغامدی و حەمزە ئەلغامدی، موهەنەد ئەلشەهری هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە بون.
هەروەها دەستەی سێهەم بریتیبون لە پێنج هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە و لە گەشتی ژمارە 77ی هێڵی ئاسمانی ئەمێریکان ئێرلایندا بون و ئەوانیش هانی حەنجور، نەواف ئەلحازمی و سالم ئەلحازمی و خالید ئەلمحزار و ماجد موقد، بون.
دەستەی چوارهەمیش لە گەشتی ئاسمانی ژمارە 93ی هێڵی ئاسمانی یونایتد ئێرلایندا بون، بریتیبون لە چوار کەس سەعید ئەلغامدی و ئەحمەد ئەلحزناوی و ئەحمەد ئەلنوعمی، ئەم سیانەیان هاوڵاتی عەرەبستانی سعودیە بون و هەروەها زیاد جەڕاح هاوڵاتی لوبنان بو.
چەکدارانی ئەلقاعیدە دو فڕۆکە ڕفێندراوەکەی گەشتی ژمارە11 و گەشتی ژمارە 175دەدەن بە باڵەخانەکانی نێوەندی بازرگانی جیهانیدا لە شاری نیویۆرک و فڕۆکە ڕفێندراوەکەی گەشتی ژمارە 77 دەدەن بە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا "پنتاگۆن" لە ناوچەی ئاڕلینگتۆن لە ستانی ڤێرجینیا، فڕۆکە ڕفێندراوەکەی چوارهەمیش ئەوەی گەشتی ژمارە 93، بەڕێوەدەبێت بەرەو واشنتنی پایتەخت، وەک دەگوترێت دەشێت ڕفێنەرە تێرۆریستەکان وەهایان دانابێت فڕۆکەکە بدەن بە باڵەخانەی کۆنگرێسدا یاخود بە کۆشکی سپیدا، بەڵام سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکە بەرەنگاری تێرۆریستەکان دەبنەوە و فڕۆکەکە لە ناو ستانی پەنسلڤانیا دەخەنە خوارێ و بەم کارەشیان ڕێگر دەبن لەوەی تێرۆریستەکان پیلانی چوارهەمی خۆیان بپێکن.
جۆرج بۆشی کوڕ کە ئەوکات سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بو، بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا و بەهۆیەوە هێرشیکردە سەر هەریەک لە ئەفغانستان و عێراق.
پاش 10 ساڵیش لە هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر و گەڕان بە شوێن ئوسامە بن لادن، ڕێبەری ئەلقاعیدەدا، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی 1ی مانگی (ئایار/5)ی ساڵی 2011 هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا، ئوسامە بن لادنیان کوشتوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی ئەبوتئاباد لە پاکستان.
دوای 11ی سێپتەمبەر چی روویدا؟
ئەوەی 11ی سێپتەمبەر جێیهێشت لە ناوخۆی ئەمەریكا، جگە لە كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك و كەسایەتی و دیپلۆماتكار، وایكرد گومان لەهەر كەسێكی موسوڵمان بكرێت كە گەشت بۆ ئەمەریكا دەكات لەو وڵاتانەی كە لە تیرۆرەوە گلاون، هەروەها ناردن و حەواڵەكردنی پارە ئاستەنگی بۆ دروستبوو، ناردنی پارە بەشێوەیەك قورس بوو، تەنیا لە رێگەی بانكەكانەوە رێگە دەدرێت پارەی قەبەو بڕی زۆر بنێرێت، جگە لەوەی فەرمانبەری بانكەكە داوای زانیاری لەسەر سەرچاوەی پارەكە دەكەن، بانكەكە زانیارییەكان رەوانەی ئێف بی ئای دەكات بۆ لێكۆڵینەوە و ئاگاداركرانەوە لەچۆنیەتی خەرجكردنی پارەكە، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو كەسانەی هەڵگری بڕوانامەی ئەمەریكا نین لەنێو فڕۆكەخانەكاندا، لەلایەنی ئابووریشەوە بووە هۆی لەدەستدانی 143 هەزار پلەی وەزیفی و دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری كرێی ئەو كەسانەی كاریان دەكرد لە نیویۆرك، لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی دوای رووداوەكە، هەروەها گەوەرترین زیان لەماوەی ئەو چەند رۆژە بەر هێلێ ئاسمانی ئەمەریكا كەوت كە بووە هۆی له كاركەوتنی 60%ی كاركردنی فەرمانبەران.
لەرووی تەندروستیشەوە بەهۆی ئەو تەپوتۆزەی كه ناوچەكەی گرتەوە لەو رۆژەدا، 10 هەزار كەس تا ساڵی 2018، دەستنیشانكراون كە تووشی شێرپەنجەی سییەكان بوون.
چەند كەس لە رووداوەكەدا كوژران؟
لە بەرەبەیانی 11ی ئەیلولی 2001 (11ی سێپتەمبەر) دوو فڕۆكەی نەفەرهەڵگر لە جۆری بۆینگ 757 لە گەشتێكیاندا لە نێوان بۆستن و لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریكا رفێندران و دەستیان بەسەرداگیرا، دواتر خۆیانكێشا بە هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی و هەردوو تاوەرەكەیان تەقاندەوە، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار و ٩٩٦ كەس و هەزارانی دیكەش برینداربوون، لەكاتی خۆیدا واشنتۆن رێكخراوی قاعیدەی بە ئەنجامدانی ئەو كارە تۆمەتباركرد و دواتریش بەهەمان بیانوو هێرشیكردە سەر ئەفغانستان.
رووداوەكە چی لە سیاسەتی ئەمەریكا گۆڕی؟
لەسەر ئاستی دەرەوە، ئەمەریكا هەردوو جەنگی ئەفغانستان و عیراقی تەواو كرد كە سەرئەنجام جگە لە تێچوونی بوودجەیەكی گەورەی ئەمەریكا، ژمارەیەكی زۆری زیانی گیانی لێكەوتەوە، لەئەفغانستان دوو هەزار و 372 سەربازی ئەمەریكی كوژراون و زیاتر لە20 هەزار سەربازیش كەمئەندامن و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
جگە لەوەی 1720 هاووڵاتی ئەمەریكی لەكاری رۆژنامەنووسی هەواڵگری و كاروباری خزمەتگوزاری لە ئەفغانستان كوژراون، لە عیراقیش نزیكەی پێنج هەزار سەرباز و كەسانی رۆژنامەنووس و رێكخراوەكانی مەدەنی و هەواڵگری ئەمەریكی كوژران.