Apora Logo

لە وڵاتی نیپاڵ چی ڕوودەدات؟

لە وڵاتی نیپاڵ چی ڕوودەدات؟

وەرگێڕان و ئامادەکردنی : ھیوا سەید سەلیم

11/9/2025


ناڕەزایەتییەکان لە سۆشیال میدیاوە گواسترایەوە بۆ سەر شەقامەکان و حکومەتیان هێنایە (گیتی)یان لەسەر کار لابرد.

ڕووداوەکانی ئەم دواییە و ناڕەزاییەکانی کاتماندۆی پایتەخت، وڵاتی بچووکی نیپاڵیان هێناوەتەوە پێشەوەی ڕۆژنامە و بولیتینی هەواڵەکان و ڕکابەری ڕووداوە گەورەکانی جیهان دەکات. نیپاڵییە توڕەبووەکان پەرلەمانیان سووتاند و حکومەتیان لەسەر کار لادا.

نیپاڵ کە دەکەوێتە دامێنی چیای هیمالایای سەخت و لە نێوان وڵاتانی هیندستان و چین، دوای شۆڕشی "کۆمۆنیستی" لە دژی رژێمی پاشایەتی ڕەهاوە گۆڕینی بۆ سیستەمی کۆماری گواسترایەوە.

شایانی باسە، دواین پاشای نیپال لە ژیان بەردەوامە بەبێ ئەوەی دان بە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیدا بنێت، بەو هیوایەی ڕۆژێک بگەڕێتەوە سەردەسەڵات.


80% نیپاڵییەکان هیندۆسین و نزیکەی 10%یان ئایینی بوداین. هەروەها لە نیپال هەندێک موسڵمان و مەسیحی هەن.



چەند زانیاریەک سەبارەت بە پانۆڕامانی ڕووداوەکانی نیپال:



 - ساڵی 1768 پاشا پریتڤی نارایان شا، فەرمانڕەوای شاری گۆرخا لە چیای هیمالایا، هێرشی کردە سەر کاتماندۆ و بناغەکانی شانشینی یەکگرتووی دانا.





-ساڵی 1846 نیپاڵ کەوتە ژێر دەسەڵاتی وەزیرەکانی شانشینی ڕانا و وڵاتەکەی لە جیهانی دەرەوە دابڕاند


-ساڵی 1950 هێزەکانی دژە دەسەڵاتی خێزانی ڕانا هاوپەیمانی لەگەڵ شا تریبوڤان کرد و دەسەڵاتی تاجەکەیان گەڕاندەوە و کۆنگرەی نیپاڵ حکومەتێکی نوێی پێکهێنا.


-ساڵی 1955 نیپاڵ بووە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.


-ساڵی 1959  دەستورێکی فرە حزبی پەسەند کرا.


-ساڵی 1960 پاشا ماھێندرا دەسەڵاتی نیپالی گرتەوە دەست و پەرلەمان و دەستوور و سیاسەتی حزبی هەڵپەسارد دوای ئەوەی پارتەکەی (پارتی کۆنگرەی نیپالی) لە ھەڵبژاردن بردیەوە.


-ساڵی 1962 نیپال دەستوورێکی نوێ سیستەمێکی بێلایەنی دامەزراند کە پێی دەوترێت "پانچایەت"، کە تێیدا پاشا دەسەڵاتی ڕەها بەکاردەهێنێت.


-ساڵی 1980 نیپال دوای ناڕەزایەتییەکانی چاکسازی ڕیفراندۆمی دەستووری ئەنجامدرا. پاشا ڕازی دەبێت بە ڕێگەدان بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی، بەڵام لەسەر بنەمای بێلایەن.


-ساڵی 1990 ناڕەزایەتی لایەنگری دیموکراسی لەلایەن کۆنگرەی نیپاڵ و گروپە چەپەکانەوە ڕێکخرا. لە کۆتاییدا شا بیرەندرە وازی لێ دەهێنێت و ڕازی دەبێت بە دەستوورێکی نوێی دیموکراسی.


- -ساڵی 1991 پارتی کۆنگرەی نیپاڵ لە یەکەم هەڵبژاردنی دیموکراسیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. جیریجا پراساد کۆیرالا دەبێتە سەرۆک وەزیران.


-   ساڵی 1994حکومەتی کۆیرالا لە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان دەدۆڕێت. هەڵبژاردنی نوێ دەبێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی کۆمۆنیستی.


-        ساڵی 1995 هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی کۆمۆنیستی.


-   ساڵی1995 سەرەتای نیاخیبوونێکی چەکداری ماوییەکان دەستیپێکرد، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی.




-   ساڵی2001 شازادەی جێنشین دیپێندرە پاشا بیرێندرا و شاژنە ئایشواریا و چەند ئەندامێکی بنەماڵەی شاهانەی کوشت پێش ئەوەی تەقە لە خۆی بکات. برای پاشا، گیانێندرا، تاجی پاشا دادەنرێت.


ساڵی2005 شا گیانێندرا حکومەتەکەی لەکارخست و دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەهای گەڕاندەوە و باری نائاسایی ڕاگەیاند بۆ شکستپێهێنانی یاخیبووانی ماوییەکان.


-   ساڵی2005 شا گیانێندرا کڕنۆشی بۆ فشارە نێودەوڵەتییەکان دانا و باری نائاسایی هەڵگرت و پەرلەمانی گەڕاندەوە.

 

-   ساڵی 2006 یاخیبووانی ماوی و پارتە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر بەرنامەیەک ڕێککەوتن کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی دیموکراسی بوو.


-   ساڵی 2006 پاش چەند هەفتەیەک لە مانگرتن و ناڕەزایەتی توندوتیژ دژی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی شاهانە، پاشا گیانێندرا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گەڕاندنەوەی پەرلەمان.


-   ساڵی 2006 پەرلەمان بە کۆی دەنگ دەنگی دا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە سیاسییەکانی پاشا.


-   ساڵی 2007 سەرکردە ماوییەکان بەپێی دەستووری کاتی چوونە ناو پەرلەمان و پەیوەندی بە حکومەتێکی کاتیەوە دەکەن، دواتر لەو حکومەتە دەکشێنەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی دەکەن.


-   ساڵی 2007 پەرلەمان لە مانگی کانوونی دووەمدا پەسەندکردنی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ماوییەکان، کە ڕێککەوتن لەسەر گەڕانەوە بۆ حکومەت.


 -ساڵی 2008 یاخیبووە ماوییەکان گەورەترین بلۆکی کورسییان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی دامەزرێنەری نوێیدا.


-ساڵی 2008 نیپاڵ بە کۆمار ناسێندرا.


یەکەم ھەنگاوی کۆمەڵکوژی کۆشکی پاشایەتی نیپال:


ساڵی 2001 بە گرنگترین ساڵی مێژووی وڵات دادەنرێت، سەرەتای دابەزینی دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەها لە وڵاتدا. دیپێندرە تەقەی لە کۆشکی نارایانهیتی کرد، کە ئاهەنگێک لەوێ بەڕێوەدەچوو. پێش ئەوەی تەقە لە سەری خۆی بکات، باوکی شا بیرێندرا و دایکی شاژن ئایشواریا و برا و خوشکە بچووکەکەی و پێنج ئەندامی دیکەی بنەماڵەی شاهانەی کوشتووە.


تا ئێستا پاڵنەری سەرەکی شازادەی جێنشین نادیارە، بەڵام ڕای جۆراوجۆر هەیە.


یەکەمیان ئەوە پیشان دەدات کە دیپێندرە ویستویەتی هاوسەرگیری لەگەڵ دیڤیانی ڕانا (لە لای ڕاستەوە بکات) کە کچی شازادەیەکی هیندییە کە لە ئینگلتەرا ناسیبووی. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی کەم کاستی دایکی و هاوپەیمانییە سیاسییەکانی باوکی، دایک و باوکی دیپێندرە ناڕەزایەتیان دەربڕی.

زانیاریەکی دیکە باس لەوە دەکات کە دیپێندرە لە گواستنەوەی وڵات لە پاشایەتییەکی ڕەها بۆ پاشایەتییەکی دەستووری ناڕازی بووە.


پاشا بە هێمنی کۆشکەکەی بەجێدەهێڵێت


لە ساڵی ٢٠٠٧ سەرۆکوەزیرانی کۆیرالا کە پێشتر پشتگیری لە دەسەڵاتی پاشایەتی دەکرد، ڕایگەیاندبوو کە شا گیانێندرا پێویستە دەست لەکاربکێشێتەوە لە بەرژەوەندی نەوەکەی، هاریدوار، بۆ گواستنەوە بۆ پاشایەتییەکی دەستووری.


دواتر حکومەتی کاتی هەموو ئەو موڵکانەی کە گیانێندرا لە براکەیەوە بە میرات گرتبوو، لەنێویاندا کۆشکی شاهانەی نارایانهیتی بە نیشتمانی کرد.


لە ساڵی ٢٠٠٨دا گیانێندرا پانزە ڕۆژ مۆڵەتی پێدرا بۆ ئەوەی کۆشکەکە چۆڵ بکات.


سەرۆک وەزیرانی نیپاڵ دەستی لەکارکێشایەوە، ناڕەزایەتییە خوێناویەکان بە توندوتیژی

هەر لەو ساڵەدا دەسەڵاتی پاشایەتی لە دەستووری هەموارکراوی 1990 دوورخرایەوە و کۆمارێک لە شوێنیدا جێگیرکرا، تەنانەت بەبێ ڕیفراندۆمیش. پاشا ڕازی بوو و داوای لە حکومەت کرد کە ڕێکبخات بۆ ئەوەی لەوێ بژی بەبێ ئەوەی پێویست بکات وڵات بەجێبهێڵێت.


شا گیانێندرا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ خۆبەخشانە کۆشکەکەی بەجێهێشت و خواستی خۆی دەربڕی بۆ بەردەوامبوون لە نیشتەجێبوون لەو وڵاتە.


حکومەت بڕیاریدا شوێنی نیشتەجێبوونی هاوینەی خۆی کە کۆشکی ناگارجونا بوو لە دەرەوەی پایتەخت بداتە گیانێندرا و ڕێگەی پێدا چالاکییە بازرگانییەکانی بپارێزێت.


دوایین پادشا هیچ نهێنیەکی لە پەسەندنەکردنی بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی نەشاردەوە و وتی کە ئەوە گوزارشت لە بۆچوونی زۆرینەی وڵات ناکات. ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی نییە و پێویستە بڕیارێکی لەو شێوەیە لە ڕێگەی ڕیفراندۆمی جەماوەرییەوە بدرێت.


هەروەها هیچ نهێنیەکی لە خواستی گەڕانەوەی بۆ سەر تەختی پاشایەتی نەشاردەوە و وتی لەوانەیە لە داهاتوودا ئەمە ڕووبدات.


لە شوباتی ٢٠٢٣ بە ئاشکرا لە گردبوونەوەیەکی گشتیدا دەرکەوت و داوای کرد نیپاڵ لە دەوڵەتێکی عەلمانیەوە بگۆڕێت بۆ "شانشینی هیندۆسی"، کە هەزاران لایەنگریان بەشدارییان تێدا کرد.



گەڕانەوە بۆ ڕابردوو:




ناڕەزایەتییەكان لە 8ی ئەیلولی 2025ەوە دەستیپێكرد، كاتێك حكومەت قەدەغەكردنی پلاتفۆرمە كانی سۆشیاڵ میدیای سەپاند، لەوانە فەیسبووك، یوتیوب، ئێكس و ئینستاگرام، ئەم هەنگاوە كاردانەوەی دەستبەجێی لێكەوتەوە، بەتایبەتی لەلایەن گەنجانەوە، كە وەك پێشێلكردنی ئازادی دەربڕین سەیریان دەكرد، ناڕەزایەتییەكان بە خێرایی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژانە پەرەیان سەند، پۆلیس گازی فرمێسكڕێژ و فیشەكی لاستیكی و لە هەندێك حاڵەتدا تەقەمەنی بۆ بڵاوەپێكردنی قەرەباڵغی بڵاوكردەوە. تا 10ی ئەیلول ژمارەی كوژراوان گەیشتە 31 كەس و زیاتر لە هەزار كەسیش بریندار بوون.


سەرۆك وەزیران دەستی لەكاركێشایەوە 


لە بەرامبەر زیادبوونی فشار و نائارامییە بەرفراوانەكاندا، سەرۆكوەزیرانی نیپاڵ كەی پی شارما ئۆلی لە 9ی ئەیلول دەستی لەكاركێشایەوە، دوای دەستلەكاركێشانەوەشی، ئۆلی پەنای بۆ سەربازگەیەكی سوپا لە شاری شیڤاپوری لە بودانیلكانتا برد، بەڵام خۆپیشاندەران بەردەوام بوون لە خۆپیشاندانەكانیان و باڵەخانە سەرەكییەكانی حكومەتیان كردە ئامانج، لەوانە پەرلەمانی فیدراڵی، دادگای باڵا و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆك و سەرۆكوەزیران، كە بەشێكی زۆریان ئاگریان تێبەردرا.


هەوڵی سوپا بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە


بۆ دامركاندنەوەی توندوتیژییە پەرەسەندووەكان، سوپای نیپاڵ لە كاتماندۆ و شارە گەورەكانی دیكە جێگیركرا، قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرانسەری وڵاتدا سەپێندرا و فەرمانە قەدەغەكراوەكان تا سەعات 6ی بەیانی رۆژی دواتر درێژكرانەوە، سەربازەكان لە شوێنە ستراتیژییەكان جێگیركرابوون، لەوانە بارەگا حكومییەكان و شوێنە گرنگ و هەستیارەكان، سەرەڕای ئەم رێوشوێنانە، ژمارەی كوژراوان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بوو، تا 10ی ئەیلول لانیكەم گەیشتە 31 كەس و زیاتر لە هەزار كەسیش بریندار بوون.


تا ئەمڕۆ 11ی سێپتەمبەر دۆخەكە بە ناسەقامگیری ماوەتەوە، لە كاتێكدا جێگیركردنی سوپا و سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ هێور بوونەوەیەكی كاتیی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام گرژییەكان هێشتا ماون، خۆپیشاندەران داوای چاكسازی سیستماتیك دەكەن بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی گەندەڵی و نایەكسانی ئابووری و پێدانی مافەكانیان، هەربۆیە رۆژانی داهاتوو بە رۆژانی یەكلاكەرەوە دادەنرێن بۆ نیپاڵ.



;