Apora Logo

ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ: بڕیاڕەکەت بۆ هێرشکردنە سەر حەماس لە قەتەر، ژیرانە نەبوو

ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ: بڕیاڕەکەت بۆ هێرشکردنە سەر حەماس لە قەتەر، ژیرانە نەبوو

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنیامین ناتانیاهۆ ڕاگەیاندووە، کە بڕیارەکەی بۆ بەئامانجگرتنی حەماس لە ناوخۆی قەتەر، ژیرانە نەبووە.

11/9/2025

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەمریکی بە پشتبەستن بە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بڵاویکردۆتەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرژی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوەو تیایدا بێزاری قووڵی خۆی دەربڕیوە لە هێرشەکەی ئیسرائیل کە نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماسی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج.


بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، ترەمپ بە ناتانیاهۆی ڕاگەیاندووە، بڕیاری بە ئامانجگرتنی سەرکردە سیاسییەکانی حەماس لە قەتەر " ژیرانە" نەبوو.


ڕوونیشیکردۆتەوە، ترەمپ زۆر توڕە بووە کاتێک زانیاری لەسەر هێرشەکە پێگەیشتووە، کە چۆن ئیسرائیل خاکی هاوپەیمانێکی ئەمریکای کردۆتە ئامانج نێوەندگیری دانوستانەکانە دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، لە بەرامبەردا ناتانیاهۆ وەڵامی ترەمپی داوەتەوە گوتویەتی" هەلێکی کورتی قۆستۆتەوە" بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە.


رۆژنامەکە دەشڵێت، لە پەیوەندی دووەم دا ترەمپ دۆستانەتر پرسیاری لە ناتانیاهۆ کردوە کە ئایا هێرشەکە ئامانجەکانی بەدەستهێناوە، یان نا؟ بەڵام نەتانیاهۆ وەڵامی داوەتەوە کە دڵنیا نییە، دوای چەند کاتژمێرێک حەماس ڕایگەیاند، کە سەرکردە ئامانجدارەکانی ڕزگاریان بووە بەڵام شەش بەرپرسی پلە دووی حەماس کوژراون.


لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاند، ترەمپ کە بە پاڵپشتییە بەهێزەکەی بۆ ئیسرائیل ناسراوە، تادێت بێزاری لە ناتانیاهۆ زیاتر دەبێت، کە بەردەوامە لە هەنگاوە تاکلایەنە و شەڕانگێزەکان بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن، ئەمەش پێچەوانەی ئامانجەکانی ئیدارەی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

;