بەڕێوەبەری ناوەندی FMBAـی رووسی ئاشکرایکرد، لە ئێستادا ڤاکسینی شێرپەنجە قۆناغێکی گرنگی لە تاقیکردنەوەی سەلامەتی تێپەڕاندووە و ئامادەیە، وتیشی، هەم سەلامەتی و هەم کاریگەری بەرزی نیشانداوە تەنها چاوەڕێی رەزامەندی فەرمی دەکرێت بۆ بەکارهێنان.
ڤێرۆنیکا سکڤۆرتسۆڤا، سەرۆکی دەزگای فیدراڵی پزیشکی و بایۆلۆجی (FMBA) وتی، ڤاکسینی شێرپەنجەی رووسیا بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەکانی پێش کلینیکی تەواوکردووە، هەم سەلامەتی و هەم کاریگەری بەرزی نیشانداوە.
ئاماژەی بەوەشکراوە، توێژینەوەکە چەند ساڵێکی خایاندووە، ئێستا ڤاکسینەکە ئامادەیە بۆ بەکارهێنان و رەزامەندی سەرەتایی بەدەستهێناوە و چاوەڕێی ڕەزامەندی فەرمی دەکەین.
باس لەوەشکراوە، بەپێی ئەنجامەکان توێژەران تێبینی کەمبوونەوەی قەبارەی وەرەم و خاوبوونەوەی گەشەی وەرەمیان کردووە.
سکڤۆرتسۆڤا ئەوەشی خستووەتەروو، ئەوەی ئەم ڤاکسینەی ناوازە کردووە، ئەو توانایەیەتی لە دروستکردنی کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر سیستمی بەرگریی لەش و یارمەتیدانی جەستە بۆ ناسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان.
هاوکات، ئامانجی سەرەتایی ئەم ڤاکسینە شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە دەبێت، جگە لەوەش پێشکەوتنی ئومێدبەخش لە پەرەپێدانی ڤاکسینی گلیۆبلاستۆما و جۆرە تایبەتەکانی میلانۆمادا بەدەست هاتووە، لەوانەش میلانۆمای چاو، کە لە ئێستادا لە قۆناغی پێشکەوتووی گەشەکردندان.