دەستەی داکۆکی لە موڵک وسروشتی سلێمانی لە نامەیەکی کراوە بۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایانگەیاند" بیناسازی زۆر و تاشە کۆنکرێت نیشانەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی شار نییە، بەلکو هەموو ئەم فراوانخوازییەی کە لە شاری سلێمانیدا روودەدات تەنها تێکدانی ئیکۆسیستمی شار و کەلتوور و شوناسەکەیەتی، ئەو شوناسەی کە هیچ داگیرکەرێک لە ڕابردوودا نەیتوانییوە بیگۆڕێت".
لە نامەکەدا دەستەکە دەشڵێن" جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم پێشێلکاری و سەرپێچیانە بوەستێنن کە تەواوکەری ئەو زنجیرە پێشلکارییانەی کە کراوەتە سەر ناوچەی گۆیژەو هەموو ناوچەکانی تر چونکە لە کۆتایدا ئەم شاڵاوەتان دەستدرێژییە بۆ سەر موڵکی گشتی و تینووکردنی خەڵکی شاری سلێمانیە".
دەقی نەمەکە:
نامەیەکی کراوە بۆ قوباد تاڵەبانی
بیناسازی زۆر و تاشە کۆنکرێت نیشانەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی شار نییە، بەلکو هەموو ئەم فراوانخوازییەی کە لە شاری سلێمانیدا روودەدات تەنها تێکدانی ئیکۆسیستمی شار و کەلتوور و شوناسەکەیەتی، ئەو شوناسەی کە هیچ داگیرکەرێک لە ڕابردوودا نەیتوانییوە بیگۆڕێت.
لە ماوەی دوو سالێ ڕابردوودا بەبەردەوامی هەموو لایەکمان ئاگادار کردۆتەوە لەو بارودۆخەی کە شاری سلێمانی پیا تێپەڕ دەبێت کە رێژەیەکی زۆرە لە سەرپێجی و پێشێلکاری لە ماستەرپلانی سلێمانیدا، تا ئەم کاتە ١٥ سەرپێجی و پێشێلکاری گەوەرە کراوەتە سەر زەوی پارێزراو و کشتوکاڵیەکانی، ئەمە تەنها لە ناوجەرگەی شارەکەدا. ئەم پێشێلکاری و سەرپێچیانە رۆژانە فراوانتر دەبن و دەستەڵات خۆی پاڵپشتوو بکەری سەرەکییە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی بیناسازەییەوە.
ئەوەتا لە ڕی میدیا و بەڵگەنامەکانەوە هەواڵی شێواندن و پلانی دەستکاریکردنی ئەو زەوی پارێزراوانەی کە لە چواردەوری هاوینەهاواری سەرچنار و گوڕینێتی لە زەوی پارێزراوەوە بۆ زەوی نیشتەجێبوون و تەلارسازی و بازرگانی پەخش دەکرێت کە بەسەر ٥ زۆندا دابەشکراون، کە لە بنەڕەتدا دەبوایە ئەم ناوچانە سەوز پوشبکرانەیە بۆ پارێزگاریکردن لە ڕارەوە ئاوییەکانی سەرچنار و پاراستنی ئیکۆسیستمی شارەکە.
بە دروستکردنی ئەم پرۆژانە گەنجینەو عەمباری ئاوی سەرچنار و چینەکانی ژێر زەوی دەشکێن و لاناو دەچن و دەبنە هۆکاری دابڕانی پاکژترین ئاوی ژێر زەوی کە لە ناوچەی گۆیژەوە و شێرکوژ ەوە سەرچاوە دەگرن و دەڕژینە ناو ئاوی سەرچنارەوە.
حکومەتەکانی پێشوو هەمیشە ئەم ناوچانەیان بەرزنرخاندووە و وەک زەوی پارێزراو مامەڵەیان لەگەڵ کردووە چونکە ئەم زەوییانە بوونەتە سەرچاوەیەکی گەورەی ڕارەوی ئاویی ژێر زەوی سەرچاوە سەرەکەییەکانی ئاوی سەرچنار، هەربۆیە تا کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان ئەم ناوچەیە هەر بە سەوزی و چواردەوەی بە کشتوکاڵ و باخداری مابۆوە.
ڕەنگە بەبەردەوامی بانگەشەی دروستکردنی رێزرڤوار و گۆمی چەقچەق بدەن بە گوێماندا وەک ئەڵتەرناتەڤێک بۆ ئاوی سەرجنار و زەوییەکەی چواردەووری، بەڵام گۆمی چەقچەق بارتەقای ئاوی پاکژی سەرچنار ناکاتەوە کە لە ٣٧% ئاوی پاکژ دابین دەکات بۆ کۆمەڵانی خەلک. هۆکارەکەی ئەوەیە کە گۆمی چەقچەق یان ئەوەی کە ناوزەندی دەکەن بە (بەنداوی چەقچەق) گۆمێکی پاڵپشتە بە باراناو، بەداخەوە لە ماوەی ٣٤ ساڵی حکومڕانی کوردا هیچ جۆرە کەرەسەی تەکنەلۆجی دابین نەکراووە بۆ فلتەرکردن و پاکژکردنەوەی ئاوی باراناو لە ڕووی کیمایی و بایلۆجی و فیزیکییەوە، ئیتر ئەم ئاڵوگۆڕو گۆڕانکارییە چ پاساوێکی هەیە بۆ فەراهەم کردنی سەرچاوەی ئاوی خواردن لەم گێژاوەی گۆڕانی کەشوهەوا جیهانییە و کەمئاوییەی هەرێم و عێراق ڕوو بەڕرروی دەبنەوە؟
هەر بۆیە ئەمانەوێت ئێوە و خەڵکی شاری سلێمانی لەم قۆناغە مەترسیدار و هەستیارە ئاگادار بکەینەوە و بە دەستەلاتی جێبەجێکاری شاری سلێمانی بڵێین جارکی تر ئاگادرای هەموو ئەو قۆرغکاری و سەرپێچیانە هەین کە لەشارەکەدا بە ڕۆژی رووناک پەیڕەو دەکرێن ، جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم پێشێلکاری و سەرپێچیانە بوەستێنن کە تەواوکەری ئەو زنجیرە پێشلکارییانەی کە کراوەتە سەر ناوچەی گۆیژەو هەموو ناوچەکانی تر چونکە لە کۆتایدا ئەم شاڵاوەتان دەستدرێژییە بۆ سەر موڵکی گشتی و تینووکردنی خەڵکی شاری سلێمانیە.
بەبەردەام بوونی ئەم جۆرە پرۆژانە و دەرئەنجامەکانی، سلێمانی دەکەنە شاری پڕ لە تارمایی و کۆنکرێت