Apora Logo

دەرەوەی قەتەر : وڵاتەكەیان بێدەنگ نابێت بەرامبەر ئەو رەوشتە ملهوڕییانەی ئیسرائیل

دەرەوەی قەتەر : وڵاتەكەیان بێدەنگ نابێت بەرامبەر ئەو رەوشتە ملهوڕییانەی ئیسرائیل

وڵاتی قەتەر سەركۆنەی هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل بۆسەر باڵەخانەیەك لە دەوحەی پایتەختی وڵاتەكەی دەكات كە ژمارەیەك سەركردەی بالای حەماس كرانە ئامانج

9/9/2025

وڵاتی قەتەر سەركۆنەی هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل بۆسەر باڵەخانەیەك لە دەوحەی پایتەختی وڵاتەكەی دەكات كە ژمارەیەك سەركردەی بالای حەماس كرانە ئامانج و رایدەگەیەنێت: ئەم تاوانە دوژمنكارانەیە، سەرپێچییەكی زەقی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكانە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 9-9-2-25 بڵاویكردەوە، سەركۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییەكەی كرد كە باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوونی لە دەوحەی پایتەخت بۆردومانكرد و تێیدا هاتووە، ئیسرائیل هێرشێكی ترسنۆكانەی ئەنجامدا، كە شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی كردە ئامانج.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم هێرشە تاوانكارییە وێڕای ئەوەی سەرپێچییەكی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، هاوكات هەڕەشەیەكی مەترسیداریشە بۆسەر ئاسایش و سەلامەتیی قەتەڕییەكان و ئەو هاووڵاتییانەی لەو وڵاتە نیشتەجێن.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لەوەشكردووەتەوە كە وڵاتەكەیان بێدەنگ نابێت بەرامبەر ئەو رەوشتە ملهوڕییانەی ئیسرائیل، لێكۆڵینەوش لەبارەی رووداوەكە بەردەوامە.

دوای تەقینەوەكانی دەوحەی پایتەختی قەتەر، سوپای ئیسرائیل بڵاویكردەوە كە لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە هەوڵی تیرۆركردنی سەركردە باڵاكانی حەماسی ئەنجامداوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی 14ی ئیسرائیلی، ئەو سەركردانەی حەماس كە لە هێرشە ئاسمانییەكەدا كراونەتە ئامانج، بریتین لە:

 

خالد مشعەل : بەرپرپسی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەدەرەوە.

زاهیر جبارین : بەرپرسی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی كەیسی زیندانیانی سیاسی حەماس.

 

خلیل حەیە : بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس لە كەناری خۆرئاوای فەلەستین.

 

نزار عەوەزەڵا: ئەندامی وەفدی دانوسانكاری حەماس.

 

غازی ئەلحەمەد : سەركردە لە بزوتنەوەی حەماس.


;