راگەیەندراوی دوازدەمین كۆنگرەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
كاتژمێر(30: 10)ی رۆژی 6-7ی ئەیلوولی 2025، لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر، لە ژێر دروشمی"دیموکراسی، یەکسانی، مافی چارەنووس" بە بەشداری (202) ئەندام، دوازدەهەمی كۆنگرەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو .
كۆنگرە، بە خولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان و مارشی ئەی ڕەقیب كرایەوە. لە دانیشتنی كردنەوەی کۆنگرەدا، سەرەتا وتاری لێژنەی ئامادەكاریی کۆنگرە خوێندرایەوە، دواتر لە لایەن هاوڕێ بەڵێن عەبدولڵا راپۆرتی سیاسی پێشکەش کرا.
لە دانیشتنەکانی ڕۆژی یەکەمی كۆنگرەدا، پاش هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرە، دروشمی سەرەکی کۆنگرە، رەشنووسی راپۆرتی سیاسی، بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆ پەسەند کران. لە دووەمین ڕۆژی کۆنگرەدا لە دانیشتنێکی کراوەدا، سیاسەتی گشتی و گوتاری سیاسی و شێوازی بەڕێوەبردنی کاروباری حزب لە نێوان دوو کۆنگرەدا لێکدانەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بۆ کرا و خالە لاوازەکان دەستنیشان کرا، بۆ ڕاستەڕێ كردنەوەی خەبات و تێکۆشانی حزب و بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و جەماوەری، كۆنگرە بڕیاریدا:
یەک: گوتاری سیاسی حزب، گوتارێکی ڕەخنەگرانە بێت و ڕەنگدانەوەی داوا و داخوازییەکانی خەڵکی هەژار و چینە زەحمەتکێشەکان بێت. دوو: بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا.
سێ: گۆڕان لە شێوازی بەڕێوەبردنی کاری ڕێکخراوەیی حزب و بایەخدان بە خەباتی چینایەتی و فکری.
كۆنگرە لەسەر ڕەوشی سیاسی لە ئاستی جیهان، ناوچەكە و عێڕاق ڕاوەستا، کە ڕووداو و گۆڕانكاری گەورەلە ڕەوشەکەدا ڕوویداوە، هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەدا گۆڕاوە، لەو نێوەندەدا باس لە ئەگەری گۆڕان لە نەخشەی سیاسی و جوگرافی ناوچەكەش دەكرێت، کەچی لەنێو ئەم هاوکێشە ئاڵۆز و پڕ لە گۆڕانكاریانەدا، هەرێمی كوردستان نوقمی كێشە نێوخۆییە لاوەكییەكان كراوە. نە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، نە كابینەی نوێ پێك هێنراوە، ئەمە دەرخەریی ئەو ڕاستییەیە كە بەهایەک بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن نەماوە. هاوکات لە جیاتی ئەوەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستان بە هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە ببردرێت، ئێستا ڕەوشەكە لە لێواری داڕمانی سیاسی و ئابووری نزیك بۆتەوە، بێئومێدی باڵی بەسەر كۆمەڵگەی كوردستان كێشاوە، درێژەدان بەو شێوازە حكومڕانییە، پاشەكشەكردن لە ئازادییە دیموكراسییەكان و بەكارهێنانی هێزی چەكدار لە ململانێ ناوخۆییەكاندا، هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر كیانی هەرێمی كوردستان، بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئالنگاریانە لە هەرێمی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان داڕشتنەوەی سیاسەتێكی نیشتمانی، گۆڕانكاری لە شێوازی حوكمڕانی و گۆڕان لە ستراتیژیەتی ململانێی سیاسی و گرتنەبەری ئاڕاستەیەكی دیموكراسی درووست بە پێویستییەکی مێژوویی قۆناخەکە دەزانێ.
لە تەوەرێکی دیکەدا، کۆنگرە پشتیوانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانی بۆ تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەمان دووپات کردەوە و جەخت لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی کوردستان دەکاتەوە.
كۆنگرە لەدوا وێستگەی كارەكانیدا بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی دادوەر و نوێنەرانی فەرمانگەی ڕێکخراوەکان لە پارێزگای هەولێر و نوێنەرانی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژارد.
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
دوازدەمین كۆنگرە
8ی ئەیلوولی 2025