بزوتنەوەی حەماس، جەختی لە پابەندبونی خۆی کردەوە بە ڕەزامەندی لەسەر پێشنیاری نێوەنگیرەکان بۆ ئاگربەست لە 18ـی مانگی ڕابردو و كراوەی بە ڕوی هەر پێشنیارێک نیشاندا کە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، کشانەوەیەکی تەواوی هێزەكانی ئیسرائیل و گۆڕینەوەیەکی ڕاستەقینەی دیلەکان بەدی بهێنێت.
بزوتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ یەکشەمە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، "پابەندین بەو ڕەزامەندییەی کە لەگەڵ گروپە فەلەستینییەکاندا ڕامانگەیاند لەسەر پێشنیاری نێوەنگیرەکان بۆ ئاگربەست لە 18ـی مانگی ڕابردو".
ئاماژەی بەوەشكرد، "کراوەین بە ڕوی هەر پێشنیارێک کە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کشانەوەیەکی تەواوی هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە و گۆڕینەوەیەکی ڕاستەقینەی دیلەکان بەدی بهێنێت". ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل لە شاری غەززە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "گالیسكەی جدعون 2" فراوانتر دەبێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکەی دەستپێکرد بە بۆمبارانکردن و وێرانکردنی باڵەخانە بەرزەکان لە شاری غەززە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە فەلەستینییەکانی تێدایە، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، "دەروازەکانی دۆزەخ"یان کردوەتەوە.
هاوکات، لە 8ی مانگی ڕابردو ڕابردو، حکومەتی ئیسرائیل پلانێکی پەسەندکرد کە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانەوە پێشنیار کرابو بۆ "كۆنتڕۆڵكردنی" تەواوی کەرتی غەززە بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ، کە بە ئاوارەکردنی فەلەستینییەکانی شاری غەززە بەرەو باشور دەست پێدەکات.