ئەمڕۆ شەممە 6ی ئەیلولی 2025، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆڕبەندى نێودەوڵەتیى بەغدا بۆ وزە رایگەیاند، "یەدەگى نەوتى عێراق 150 ملیار بەرمیل نەوتە و لە ریزبەندیى سەرەوەیە لەسەر ئاستى جیهان، لەسەر ئەو بنەمایەش عێراق لانیکەم دەتوانێ 120 ساڵ بەردەوام بێ لە ناردنى نەوت بۆ بازاڕەکانى جیهان، سەرەڕاى ئەوەى بڕی هەناردەکەى هاوتاى قەبارەى یەدەگ، تواناى بەرهەمهێنان، ژمارەى دانیشتووان و پێویستى وڵات بۆ داهاتە داراییەکانى نابێت.".
سوودانى گوتیشی، "ئامانجێکى ستراتیژیمان داناوە کە تاوەکو ساڵی 2030 هەناردەى نەوت بۆ بەرهەمە نەوتییە بەبەهاکان بگۆڕدرێت، بە شێوەیەک لە 40%ى کەمتر نەبێت لە تێکڕاى بەرهەمهێنان و دەست بە جێبەجێکردنى چەندین پڕۆژەش لەو پێناوەدا کراوە."
عێراق رۆژانە زیاتر لە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لە کاتێکدا بە گوێرەى یاسای بودجە دەبێت 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات بۆ دابینکردنى خەرجى پێویستى ئەو بودجەیە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، کار لەسەر ئەوە دەکەن رێگەکانى هەناردەکردنەوەى نەوت و بەرهەمەکانى زیاتر بکەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند هەفتەى رابردوودا گفتوگۆیان کردووە بۆ کاراکردنەوەى بۆرى هەناردەى نەوت لە رێگەى سووریاوە.
بۆرى هەناردەى نەوتى نێوان کەرکووک و بەندەرى بانیاس لە سووریا 800 کیلۆمەترە، ساڵى 1952 دروستکرا و لە ساڵى 2003ەوە هەناردکردنى نەوت لە رێگەیەوە راگیراوە.
سوودانى رایگەیاند، دەستیان کردووە بە راکێشانى بۆرى نەوت بەسرە – حەدیسە بە درێژایى 685 کیلۆمەتر؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کار لەسەر ئەوە دەکەن رێگەى گەشەپێدانیش رێرەوێکى دیکە بێ بۆ گواستنەوەى نەوت و گاز لەکەنداوەوە بۆ تورکیا و ئەورووپا.
بۆریی بەسرە - حەدیسە بەشێکە لە پڕۆژەى بۆرى هەناردەى نەوت لە رێگەى بەندەرى عەقەبەى ئوردنەوە کە بە پارێزگاى ئەنباردا تێدەپەڕێت.
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتی، 1300 ملیۆن پێ سێجا گازى هاوەڵ لەگەڵ بەرهەمهێنانى نەوت سودى لێوەردەگیرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، توانراوە 70%ى ئەو گازە هاوەڵە بەرهەم بهێندرێتەوە و لە دووساڵى داهاتوویشدا کۆتایی بە سووتاندنى گازى هاوەڵ دەهێنن.