Apora Logo

فەیلەسوفەکەی کورد ئۆجەلان سەری لە هەموو شت دەردەچێ تەنیا تورك نەبێ!

فەیلەسوفەکەی کورد ئۆجەلان سەری لە هەموو شت دەردەچێ تەنیا تورك نەبێ!
موحەمەد ھەریریموحەمەد ھەریری

محەمەد هەریری

4/9/2025


ئەگەر کەسێکی کورد لەگەڵ میللەتێکیتر لەناو شارەکەی نەژیێ، زۆر ئاساییە باشیان نەناسێ و فریویان پێ بخوات، بۆ نموونە من جیاوازیەکی گەورە دەبینم لە نێوان کوردی هەولێر و کەرکوك لەگەڵ کوردی سلێمانی و دهۆک لە ناسینی تورکماندا. هەولێری و کەرکوکییەکان زۆر باش تورکمان دەناسن و دەزانن چۆن بیردەکەنەوە و کاردانەوەیان چۆنە، چۆن سەیری کورد دەکەن؛ بەڵام هەمان کورد لە سلێمانی و دهۆك وەک کوردەکەی هەولێر و کەرکوک تورکمانەکان ناناسن، نازانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، زۆر جاریش زیانێکی گەورە دەکەن لەو نەزانیە تا هوشیار دەبنەوە پاش ناسینیان بۆ ماوەیەك.

هەندێ لەو زیانانە بۆ نموونە کوڕ و کچی زۆر کوردپەروەرمان هەبوون، هاوسەرگیریان کردووە لەگەڵ کوڕ و کچی تورکمان، چونکە تورکمان خۆیان پێ باڵاترە لە کورد کە ئەوان لەناوخۆیان پێیان دەڵێن کەڕە کرمانج، هەم ژن و هەم پیاویان لە زۆربەی هەرە زۆری حالەتەکانی هاوسەرگیریان لەگەڵ کورد، زمان و فەرهەنگ و هەتا جیهانبینی تورکمانەیان بەسەر خێزان و منداڵەکانیشیان دەسەپێنن. کە منداڵەکانیان دەبینیت خۆیان پێ تورکمانە و نیوە ئینتیمای کوردی خۆیان دەشارنەوە، بە تورکمانیەکی پاراو قسە دەکەن بێ ئەوەی کوردی بزانن؛ یان بە کوردیەکی شەق وپەق دەدوێن!

بێگومان هەندێ حالەتی ڕیزپەڕیش هەیە، کە منداڵەکان زیاتر خۆیان بە کورد بزانن، بەڵام وەک کوردێک لە هەولێر لە دایک بووم و گەورە بووم زیاتر لە %٩٥ حالەتەکان لە بەرژەوەندی تورکمانەکانی ناو ئەو پرۆسە هاوسەرگیریە تێکەڵاوەیە.

کێشەکە هەر لەو خۆ بە تورکمان زانینەی منداڵەکان نییە، کێشەکە ئەو جیهانبینییە تورکمانیەیە کە زاڵ دەبێت بەسەر منداڵەکان، کە کە تێڕوانینێکی سووکیان هەیە بۆ کورد و کوردستان، بە نەزان و دەبەنگ و شەڕانگێزیان دەبینن، پێیان ناخۆشە کورد ببنە خاوەن قەوارەیەکی سیاسی و سەربەخۆی خۆیان هەتا شارەکەش بە شارێکی تورکمانی دەبینن!

من دڵنیام کوردی بادینان و سلێمانی و هەڵەبجە و چەمچەماڵ و ڕانیە و هەتا شەقڵاوە و هەریر و ڕواندزیش وەک کوردێکی هەولێر و کەرکوک تورکمان ناناسن.

ئەو پێشەکییە درێژەم بۆ ئەوە بوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ئێمەی کورد، کە بە فەیلەسوفێکی هاوچەرخ ناوزەدی دەکەن، شرۆڤەی هەموو دنیا دەکات لە کتێبە زۆر و زەوەندەکانی، هەموو ژیانی لەناو تورکدا بەڕێ کردووە، فەرهەنگ و ڕۆشنبیری خۆی ڕاستەوخۆ لە تورکیەوە وەرگرتووە، زانکۆی لە شارە تورکیەکان و لەناو گەنج و پیری تورك تەواو کردووە، کەچی لەوە ناچێت بە قەد کوردێکی سلێمانی و دهۆك تورك بناسێ!

نووسین و پەیامەکانی ئەو دواییەی ئۆجەلان دەڵێی بە دەستی تورکێک نووسراوە، تا ڕادەی ئەوەی وەک چۆن تورکێك و عەرەبێک خۆیان دەبوێرن لە دەستەواژەی کورد و کوردستان و دۆزی کورد و مافی کورد، ئەویش وایکردووە.

ئەو نموونەی لەسەر تورکمانەکانم هێنایەوە، تەنها ڕێژەیەکی کەمی شۆڤینیستی تورکە پەڕیوەتەوە بۆیان، ئینجا وا خراپیان لێ دەرچووە، کەسایەتی تورکی نەتەوەیی شۆڤێنیستیەکەی لە سەقفی ئاسمان دەدا، ناخی پیسیان تێکەڵی زەریاکان بێ؛ هەموو زیندەوارانی ژەهراوی دەبن. ئۆجەلان چاك ئەو تورکانە دەناسێت و چاك دەزانێت کورد بە مرۆڤیش نازانن، کەچی سەبر و ئارامێک

نیشانی ئەو تورکانە دەدات، لە ئەیوب پێغەمبەریشی تێپەڕ داوە!

ئۆجەلان بەردەوام ڕێز وستایش بۆ باخچەلی و ئەردۆگان دەنێرێت، ئەوانیش تا ئێستا ئامادە نین هەتا خودی ئاپۆی خاوەنی بەرەی کوردان و دەمیرتاش کە دوای ڕێچکەی ئۆجەلان کەوتووە ئازاد بکەن!

بە بەردەوامیش ناوی پرۆسەکە دەنێن نەهێشتنی تیرۆر! بە بەردوامیش فشار دەکەنە سەر کوردی سوریا و هەسەدە کە دەبێ چەك تەسلیمی جۆلانی و داعشەکانی بکەن، بێ ئەوەی ئۆجەلان بوێرێ وەک سەرکردەی بەرەی کوردی بڵێ پرۆسەی ئاشتی لە باکوورە لە نێوان تورکیا و پەکەکەیە نەک لە ڕۆژئاوا!

ئەخر بۆیە من سەڵاحەدین ئەیوبییم لە مێژوودا خۆش دەوێ. توانی بەوپەڕی بلیمەتیەوە زاڵ بێت بەسەر تورك و بە شەق و هێز سنووری بۆ دانان، پاش ئەوەی تورک بە خزمەتکاری نورەدین زەنگی تورکیان دەزانی!

دوێنێ لە لافیتەپۆستێک نووسیم: "چەندی ئێمە دڵ ڕەق و دڕندەین بەرامبەری برا و خوشکانمان، هێندەش لێبوردە و حیزین بەرامبەر دوژمنانی هەقیقیمان."

ئۆجەلانتان دیوە و نووسینەکانیتان خوێندۆتەوە چۆن بەوپەڕی زبریەوە ڕەخنە لە ئەندامانی باڵاو و پایینی پەکەکە دەگرێت تا حەدی سووکایەتی و بە گێل زانینیان کە بەبێ ئەو هیچیان پێ ناکرێ؟! هەتا لە بیرمە ڕۆژێ باسی بۆنی ناخۆشی کچانی گەریلای کردبوو، من لە ڕۆژنامەی الشرق الاوسط بابەتێکم نووسی وەڵامم دایەوە!

من نازانم بۆ ئەو زمانە زبرەی دژی کوردی بەکار دەهێنێ، بۆ هەمان زمان بۆ ڕەخنەگرتن لە تورکی شۆڤێنیست و سیاسەتمەدارە گەماڵەکانی وەک باخچەلی و ئەردۆگان بەکار ناهێنێت؟!

ئەخر تورك تا بۆی نەرم بکەیت زیاترت لێ دەخوڕێ، تۆ کە سەرکردەی بەرەی کوردانی و ئەوەی بە تۆ دەکرێ لەناو کورد، تورک تا قیامەتیش خەونی پێوەنابینێ، چۆن مەرجەکانت ناسەپێنیت؟! چۆن ڕازی دەبیت بە دیلیەوە تورکیایەکی ئارام یان وەک خۆیان دەڵێن بێ تیرۆریان بۆ دروست کەیت؟!!

بۆ دەبێ ئۆجەلان و زۆربەی سەرکردەکانی کورد تووندتر بن بەرامبەر میللەتی خۆیان و نەرمتر بن بەرامبەر غەیرە؟!

وابزانم ئەوە گرێ کوێرەیەکی تری ناو کەسایەتی کوردە، کە هەتا ئۆجەلانیش نەیتوانیوە لێی دەرباز بێ.



;