شەوی ڕابردو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنكەی قەسرەکی پارێزگای حەسەكە مەشق و ڕاهێنانیان ئەنجامداوە و بە بەشداری فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تەقاندنی بۆمبی ڕوناککەرەوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە نیوەشەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەدا زنجیرەیەک تەقینەوەی بەردەوام لە گوندەکانی حەسەکە ڕویاندا، کە بەهۆی ڕاهێنانی سەربازی هاوبەشی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لە بنکەی قەسرەک بو.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاهێنانەکان بەکارهێنانی فیشەکی ڕاستەقینەی لەخۆگرتبو، لەگەڵ تەقاندنی بۆمبی ڕوناککەرەوە، هەروەها فڕۆکەی جەنگی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشدارییان تێدا کرد، لە چوارچێوەی ڕاهێنانە هاوبەشەکاندا کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئامادەیی هێزەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی سەربازییە لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی ڕوانگەی سوری، دوێنێ چاودێری کردبو کە بنکەی قەسرەک لە گوندەکانی شارۆچکەی تەلتەمەر لە باکوری حەسەکە، ڕاهێنانی سەربازی هاوبەشی بە فیشەکی ڕاستەقینە لە نێوان هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدراوە، بە بەشداری فڕۆکەی جەنگی سەر بە هاوپەیمانێتییەکە.
