Apora Logo

وەزارەتی کار :وەرگرتنی پارە بە ناوی دۆزینەوەی کار نایاساییە

وەزارەتی کار :وەرگرتنی پارە بە ناوی دۆزینەوەی کار نایاساییە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم، نووسینگەکانی بەکارخستنی کرێکاری خۆماڵی ئاگادار دەکاتەوە کە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بە ناوی پارەی فۆڕم یان هەر بیانوویەکی ترەوە نایاساییە و سزای بەدواوە دەبێت.

19/8/2025

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ـی ئابی ٢٠٢٥، لە راگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی رێنماییەکانی مۆڵەتپێدان بە نووسینگەکانی بەکارخستنی کەرتی تایبەت، ئەو نووسینگانە تەنها دوای دۆزینەوەی هەلی کار و دامەزراندنی کەسەکە، بۆیان هەیە بڕێک پارە وەربگرن، ئەم بڕەش نابێت لە ٢٥٪ـى مووچەی یەک مانگی ئەو کرێکارە زیاتر بێت.

بەڕێوەبەرایەتیەکە داوا لە هاوڵاتییانیش دەکات، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی وەرگرتنی پارەی پێشوەختە، دەستبەجێ ئاگاداریان بکەنەوە لە رێگەی هێڵی هۆشیاری کرێکارانـەوە.

هۆشداریی تووندیش دەداتە ئەو نووسینگانەی کە پابەندی رێنماییەکان نابن و دەڵێت کە هەر نووسینگەیەک پارە لە کارخوازان وەربگرێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی تووند دەبێتەوە.

بۆ دڵنیابوون لە مۆڵەتی فەرمی و یاسایی بوونی نووسینگەکان، وەزارەتی کار ئاماژەی بەوە کردووە کە لیستی ناوی ئەو نووسینگە مۆڵەتپێدراوانەی کە کار بۆ دۆزینەوەی هەلی کار دەکەن، لە پۆرتاڵی فەرمیی کار بڵاوکراوەتەوە.

جەختیشی کردەوە کە هیچ پەیج و شوێنێکی تر کە مۆڵەتی فەرمییان نییە، باوەڕپێکراو نین.

;