کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆی بۆ بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی و مسۆگەرکردنی مافی پەروەردە بە زمانی دایک دەستپێکرد.
کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەد) داواکارییەکیان دەستپێکرد و تێیدا داوای کرد کە زمانی کوردی پێگەی فەرمی پێبدرێت و مافی خوێندن بە زمانی زگماکی خۆی مسۆگەر بکرێت. پارێزەرانی ئۆهەد لە کەمپێکی شاری وان کۆبوونەوە، سەبارەت بە داواکارییەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە. ئیبرۆ دەمیرتەپە، پارێزەری ئەندامی ئۆهەد، دەقی داواکارییەکەی خوێندەوە و داوای پشتیوانی لە کەسانی پسپۆڕی یاسایی کرد.
ئیبرۆ دەمیرتەپە جەختی لەوە کردەوە کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکییاوە، سیاسەتی سڕینەوەی ئەو زمانە کۆنانەی کە لە ناوچەکەدا قسەیان پێدەکرا بۆ چەندین سەدە جێبەجێ کراوە، لە ترسی دابەشبوون .:
دەمیرتەپە وتیشی: بێ گومان چارەسەری پرسی کورد بەندە بە دانپێدانانی شوناسی کورد و زمانی کوردی. داننان بە ناسنامەی کورد، لە بەرامبەردا پەیوەستە بە پێگەی فەرمی زمانی کوردی و دابینکردنی پەروەردەی زمانی دایک، کە کورد بتوانێت بە ئازادی زمانەکەی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکاربهێنێت و پەرەی پێبدات. جگە لەوەش مافی زمانێک لە ڕووی یاساییەوە وەک مافێکی مرۆڤ پێناسە کراوە و بە چەندین ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی گەرەنتی کراوە.
ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان
ئیبرۆ دەمیرتەپە ئاماژەی بەوەدا کە جاڕنامەی جیهانی مافە زمانەوانیەکان، ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ پاراستنی زمانە ناوچەییەکان یان کەمینەکان، ڕێککەوتننامەی چوارچێوە بۆ پاراستنی کەمینە نەتەوەییەکان، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ بەڵگەنامە بنەڕەتییەکانی مافەکانی زمانن، و هەروەها وتی:
هەرچەندە مافی خوێندن بە زمانی دایکی و مافە کولتوورییەکانی دیکە لەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیانەدا زامن کراوە، بەڵام تورکیا بە دانانی زەمانەت لەسەر زۆرێک لە بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنانە ڕێگری لە مومارەسەی ئەو مافانە لە گەلی کورد کردووە و بەردەوامیشی هەیە. پەروەردە بە زمانی دایکی، مافێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و چارەسەرکردنی پرسی کورد پێویستی بە دانپێدانانی بێ مەرجی ئەو مافە هەیە.
بانگەواز بۆ پەرلەمان
ئیبرۆ دەمیرتێپە، کە داوای لە پارێزەران کرد پشتگیری لە داواکارییەکە بکەن، بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا؛
“داوا لە ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانیی تورکیا دەکەین هەنگاوی دەستووری و یاسایی پێویست بنێت بۆ پێدانی پێگەی فەرمی بە زمانی کوردی و دەستەبەرکردنی مافی کورد بۆ خوێندن بە زمانی دایکی”.
ئەو پارێزەرانەی دەیانەوێت پشتگیری لە هەڵمەتی واژۆکردنی ئۆهد بکەن دەتوانن بە کلیککردن لەم بەستەرەی خوارەوە بەشداری داواکارییەکە بکەن.