دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ڤۆڵۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی کۆشکی سپی بکات، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی لوتکەی ترەمپ لە ئەلاسکا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth Social نووسیویەتی، ئەگەر هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەبچێت، ئێمە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکپوتیندیاری دەکەین .
ناوبراو گوتیشی؛ باشترین ڕێگا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ترسناکی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ بەرەو ڕێککەوتنی ئاشتی هەنگاو بنێن کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت نەک تەنها ڕێککەوتنی ئاگربەست.
سەرۆکی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی " truth social"دا گوتی، لە درەنگانی شەودا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و ژمارەیەک سەرکردەی ئەوروپا هەبوو، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە باشترین ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ترسناکی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەوەیە کە دەستبەجێ بگەینە ڕێککەوتنێکی ئاشتی کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت، نەک تەنها ڕێککەوتنی ئاگربەست، کە پێناچێت بەردەوام بێت.
پێشتر زێلێنسکی ڕایگەیاندبوو، کە کیێڤ ئامادەیە بۆ هاوکاری بنیاتنەر و پشتگیری لە ئەنجامدانی لوتکەی سێ قۆڵی نێوان ئەمریکا و ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکات.
زێلێنسکی لە تویتەر نووسیویەتی:ئۆکرانیا ئامادەیی خۆی پشتڕاست دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدات بۆ گەیشتن بە ئاشتی.
ناوبراو گوتیش، ئێمە پشتیوانی لە پێشنیازی سەرۆک ترامپ دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان ئۆکرانیا و ئەمریکا و ڕووسیا. ئۆکرانیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرسە سەرەکییەکان دەتوانرێت لەسەر ئاستی سەرکردەکان تاوتوێ بکرێن، هەروەها لوتکەی سێ قۆڵی بۆ ئەمە گونجاوە.