توێژەران بۆیان دەرکەوتووە خواردنی پەتاتەی کوڵاو پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمەوە نییە، بەڵام پەتاتەی سوورکراوە ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکات.
توێژەران هەوڵیاندا پەیوەندیی نێوان خواردنی پەتاتە و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم پشتڕاست بکەنەوە، توێژەران داتای توێژینەوەکانیان شیکردەوە کە بەدواداچوونیان بۆ تەندروستی زیاتر لە 205 هەزار کارمەندی چاودێریی تەندروستی لە ئەمریکا کردبوو.
تیمی توێژینەوەکە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە خواردنی پەتاتەی کوڵاو پەیوەندیی بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمەوە نییە، بەڵام ئەو کەسانەی بەلایەنی کەمەوە سێ ژەم لە هەفتەیەکدا پەتاتەی سوورکراوە دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە بە ڕێژەی 20% زیاترە
تیمی توێژینەوەکە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە گۆڕینی سێ ژەم پەتاتە لە هەفتەیەکدا بە "دانەوێڵەی تەواو" وەکو نیسک، ماش، گەنم و جۆ و ..هتد ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم بە ڕێژەی 8% کەم دەکاتەوە
دکتۆر فەی ڕایلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی توێژینەوە لە بەریتانیا دەڵێت، نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم حاڵەتێکی ئاڵۆزە، چەندین هۆکار کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی هەیە، لەوانە: جینات، تەمەن و نەتەوە. هاوکات ئەم توێژینەوەیە ئەوە پیشان دەدات کە چۆنیەتی ئامادەکردنی خۆراک جیاوازی دروست دەکات و هانمان دەدات بۆ ئەوەی گرنگی بە دانەوێڵەی تەواو بدەین و خۆراکە سوورکراوەکان کەمتر بەکاربێنین .