Apora Logo

دەرئەنجامەکانی لوتکەی ترەمپ و پوتین؛ هیچ ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا نەكراوە

دەرئەنجامەکانی لوتکەی ترەمپ و پوتین؛ هیچ ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا نەكراوە

لوتکەی ترەمپ و پوتین، کە ڕۆژی هەینی لە ئەلاسکا بەڕێوەچوو، کە زۆر چاوەڕوان دەکرا، هیچ ڕێککەوتنێکی بۆ گەیشتن بە چارەسەر یان کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا بەرهەم نەهێنا، هەرچەندە هەردوو سەرکردە دانوستانەکانیان بە بەرهەمدار وەسف کرد.

16/8/2025

لە میانی دەرکەوتنێکی کورتی میدیایی دوای کۆبوونەوەکە کە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند، هەردوو سەرکردە ڕایانگەیاند، پێشکەوتنیان لە "پرسگەلێکی دیارینەکراو"دا بەدەستهێناوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکیان پێشکەش نەکردووە و پرسیاریان لە ڕۆژنامەنوسان وەرنەگرتووە. ترەمپ کە بە شێوەیەکی ئاسایی لێدوانی درێژخایەن دەدات، بە سادەیی دووپاتیکردەوە "هەندێک پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە... هیچ ڕێککەوتنێک نییە تاوەکو ڕێککەوتنێک نەبێت".


دانوستانەکان هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی بەرەو ئاگربەست لە ململانێکان بەرهەم نەهێنا، کە ترامپ پێش کۆبوونەوەی لوتکەکە بە ئامانجی سەرەکی دیدارەکەی لەگەڵ پوتین وەسفی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە خوێناویترین شەڕە کە ئەوروپا لە ماوەی ٨٠ ساڵدا شاهیدی بووبێت.


سەرەڕای نەبوونی ئەنجامی پراکتیکی، دیداری ڕووبەڕوو لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا نوێنەرایەتی دەستکەوتێکی سیاسی بوو بۆ پوتین، کە لە سەرەتای لەشکرکێشی تەواوی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە ڕووبەڕووی دابڕان بووەتەوە لە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا.


لە لێدوانەکانی دواتردا بۆ فۆکس نیوز، ترەمپ ڕایگەیاند، سەپاندنی باج بەسەر چین لەسەر کڕینی نەوتی ڕووسیا دوادەخات، دوای ئەوەی "پێشکەوتنی" لە گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتین بەدەستهێناوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە لە دوو سێ هەفتەی تردا ناچارم بیر لەوە بکەمەوە، بەڵام ئێستا نا".


هەروەها هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر مۆسکۆدا کرد، بەڵام تا ئێستا جێبەجێی نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی پوتین چاوپۆشی لە وادەی پێشووی ترەمپ کرد کە بۆ ئاگربەست دیاریکردبوو.


ترەمپ پێشنیاری کۆبوونەوەی نێوان پوتین و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کرد ، لەوانەیە خۆی بەشداری تێدا بکات، بەڵام دیاریی نەکرد کێ کۆبوونەوەکە ڕێکدەخات و کەی. لای خۆیەوە پوتین باسی ئەم پێشنیازەی نەکرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێشبینی دەکات ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی "بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە" لەگەڵ ئەنجامی دانوستانەکاندا بەشداری بکەن و هەوڵی "کۆسپی پێشکەوتن" نەدەن.


پوتین هەڵوێستی مۆسکۆی دووپاتکردەوە کە ئەوەی بە "هۆکاری بنەڕەتی" ململانێکان دەزانێت، پێش ئەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدی بهێنرێت، دەبێت چارەسەر بکرێن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی ڕەتکردنەوەی ئاگربەست لەم قۆناغەدا. تا ئێستا هیچ وەڵامێک لە کیێڤەوە بۆ لوتکەکە نەدراوەتەوە، کە یەکەمین دیداری نێوان پوتین و سەرۆکێکی ئەمریکایە لە دوای سەرهەڵدانی جەنگەوە.


کاتێک داوای ئامۆژگارییەکەی بۆ زێلنسکی لێکرا، ترەمپ وتی "پێویستە ڕێککەوتنێک بکەین... ڕووسیا هێزێکی زۆر بەهێزە، ئەوانیش نین"، ئاماژەی بە ناهاوسەنگی هێزەکان کرد. بەگوێرەی شرۆڤەکاران، شەڕەکە زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە هەردوولا کوژراو یان برینداربوون کە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ئۆکراینی تێدایە

 

 

زێلێنسکی لە کاتی خستنەڕووی فەرشی سووردا


هەر جۆرە ئیمتیازێکی خاکی بۆ مۆسکۆ ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بەدوای گەرەنتییەکی ئەمنیدا دەگەڕێت کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت . ترەمپ ڕوونیشیکردەوە کە پەیوەندی بە سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ناتۆوە دەکات بۆ ئەوەی لە ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتین نوێیان بکەنەوە.


لە کاتێکدا هەردوو سەرکردە قسەیان دەکرد، شەڕی زەمینی بەردەوام بوو، ئاگادارکردنەوەکانی هێرشی ئاسمانی لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەنگی دایەوە. پارێزگارەکانی ناوچەی ڕۆستۆڤ و برایانسکی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە ناوچەکانیان لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیاوە هێرش کراوەتە سەر.


ئۆلیکسی هۆنچارێنکۆ، پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ڕایگەیاند، "پێدەچێت پوتین کاتێکی زیاتری بۆ خۆی کڕیبێت، هیچ ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست و کەمکردنەوەی توندوتیژی نەکراوە".


کۆتایی نائومێدکەری لوتکەکە جیاواز بوو لەگەڵ ئەو کەشوهەوای جەژنانەی کە هاوڕێی دەستپێکردنی بوو. پوتین لە بنکەیەکی ئاسمانی لە ئەلاسکا بە فەرشی سوورەوە پێشوازی لێکرا، لەوێ ترامپ بە گەرمی پێشوازی لێکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاش بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانەوە.


پوتین لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە بەهۆی تاوانەکانی جەنگی پەیوەست بە دیپۆرتکردنەوەی سەدان منداڵ لە ئۆکرانیا داواکراوی دەمێنێتەوە ، ئەو تۆمەتانەی مۆسکۆ ڕەتیدەکاتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنەکە بە "نادروست" دەزانێت. نە ڕوسیا و نە ئەمریکا ئەندامی دادگا نین.


ڕۆژێک پێش لوتکەکە، پوتین ئەگەری ڕێککەوتنی نوێی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی وروژاند بۆ جێگرتنەوەی ڕێککەوتنی ئێستا کە لە مانگی شوباتی داهاتوودا کۆتایی دێت، بەڵام ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا لە دانوستانەکانی دوێنێدا ئەم بابەتە تاوتوێ کراوە یان نا.


ئێمە حساب بۆ ئەمریکا دەکەین


زێلێنسکی کە بانگهێشتی لوتکەکە نەکرابوو، ترسی ئەوەی هەبوو کە ترەمپ بە بەستنی کاریگەرانەی ململانێکان و داننان بە کۆنترۆڵکردنی ڕووسیا بەسەر نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی وڵاتەکەیدا - هەرچەندە بە شێوەیەکی نافەرمی - ئۆکرانیا جێبهێڵێت. بەڵام ترەمپ پێش کۆبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە هەر ئیمتیازێک بۆ ئۆکرانیا جێدەهێڵێت و وتی "من لێرە نیم بە ناوی ئۆکرانیا دانوستان بکەم، لێرەم بۆ ئەوەی بیانهێنمە سەر مێزەکە".


کاتێک پرسیاری لەبارەی پێوەرەکانی سەرکەوتنی لوتکەکە لێکرا، وتی: "دەمەوێت ئاگربەستێکی خێرا... دڵخۆش نابم ئەگەر ئەمڕۆ ڕوونەدات... دەمەوێت کوشتنەکە بوەستێت".


لە دانوستانەکاندا مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی ڕوسیا و یوری ئوشاکۆڤ ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ڕوسیا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئامادەی بوون.


ترەمپ کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا دەهێنێت، دانی بەوەدانا کە ئەرکەکە لەوە قورسترە کە پێشبینی دەکرد. جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی دانوستانەکانی ئەلاسکا ڕێکخستنی دووەمین لوتکەی سێ قۆڵی لەگەڵ زێلێنسکی گرنگتر دەکات لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ پوتین.


لە کۆتایی لوتکەکەدا ترەمپ بە پوتینی گوت، دەمەوێت زۆر سوپاستان بکەم، زۆر بە زوویی لەگەڵتان قسە دەکەین و ڕەنگە زۆر بە زوویی جارێکی دیکە کۆببینەوە. پوتین لە وەڵامدا وتی: جاری داهاتوو لە مۆسکۆ.


زێلێنسکی پێش کۆبوونەوەی لوتکەکە ڕایگەیاندبوو، پێویستە ئەو کۆبوونەوەیە ڕێگە خۆش بکات بۆ "ئاشتییەکی دادپەروەرانە" و وتووێژی سێ قۆڵی، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ڕووسیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی. لە تەلەگرامدا نووسیویەتی: کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت، ڕووسیاش دەبێت هەنگاوی پێویست بنێت، ئێمە پشت بە ئەمریکا دەبەستین.




;