دابەزینی داهاتی سلێمانی بەردەوامە و زیاتر لە ملیارێک دیناری دیکە کەمیکرد.
بە پێی ماڵپەڕی شەفافیەت کە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات و تایبەتە بە خستنەڕووی داهاتی نانەوتی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، داهاتی هەفتەی ڕابردوو بەراورد بە هەفتەی پێشووتر زیاتر لە ملیارێک دینار کەمیکردووە.
ماڵپەڕەکە ڕوونیکردووەتەوە کە داهاتی نانەوتی هەفتەی ڕابردوو بڕی 10 ملیار و 878 ملیۆن و 281 هەزار و90 دینار بووە ، بەجۆرێك 80%ی داهاتەكە بەشێوەی نەختینەیە و 20%ی بەشێوەی چەكە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی پێشووتر داهاتەکە 12 ملیار و 13 ملیۆن و 822 هەزار دینار بووە.