Apora Logo

باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن: عێراق سەر بە هیچ وڵاتێک نییە

باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن: عێراق سەر بە هیچ وڵاتێک نییە

باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن ڕایگەیاند، کە بەغدا سەروەری تەواو و مافی ئەوەی هەیە ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە پێی بڕگەکانی دەستوور و یاسا نیشتمانییەکانی و بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانیدا بگونجێت ئەنجام بدات.

13/8/2025

باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوەو ڕایگەیاند، کە بەغدا پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا دەپارێزێت، لەوانەش ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ، دەمانەوێت ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش بنیات بنێین.


ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق "ملکەچی سیاسەتەکانی هیچ وڵاتێک نییە" و بڕیارەکانی لە ئیرادەی نیشتمانی سەربەخۆی وڵاتەکەیەوە سەرچاوە دەگرن.


لەو چوارچێوەیەدا باڵیۆزخانە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە بەم دواییە لەگەڵ ئێران واژۆ کراوە، بەشێکە لە هاوکاریی دوولایەنە بۆ پاراستنی ئاسایش و کۆنترۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکان، کە بەشدارە لە سەقامگیری هەردوو وڵات و ئاسایشی ناوچەکە.

;