Apora Logo

ڕوبیۆ: کاردەکەین بۆ ئەوەی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکەین

ڕوبیۆ: کاردەکەین بۆ ئەوەی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکەین

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن کار لەسەر ئەوە دەکات کە ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات.

13/8/2025

ڕوبیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ دەستنیشانکردنی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە "لە پێشینەی کارەکانیاندایە".


گوتیشی، ئیخوان موسلیمین لقی جیاوازی هەیە، بۆیە دەبێت هەر لقێک دەستنیشان بکرێت، ئەوەش وادەکات پرۆسەی پۆلێنکردنەکە درێژ و ئاڵۆز بێت، بەڵام کارەکانی لە ئارادایە و بەردەوامە.


ڕوونیشی کردەوە، "بەردەوام پێداچوونەوە بە گروپەکاندا دەکەین بۆ ئەوەی بیانناسێنین کە چۆنن لایەنگرانی تیرۆریستان، ئەگەری هەیە تیرۆریستان خۆیان بن، هەرچییەک بێت. ئێمە لەمێژە ئەوەمان نەکردووە، بۆیە ئێمە زۆر شتمان هەیە بۆ ئەوەی بیکەین".


بە گوتەی ڕوبیۆ، پرۆسەکە "پێداچوونەوەیەکی وردی هەر لقێکی گروپەکە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ بەڵگەنامەکردنی بەڵگەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی بڕیارەکە بەرامبەر بە تەحەددای یاسایی دەوەستێتەوە".

ڕوبیۆ ئیخوان موسلمینی بە "نیگەرانییەکی گەورە" زانی.


مانگی ڕابردوو تێد کروز سیناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش بە کۆنگرێس کرد بۆ ئەوەی ئیخوان موسلیمین وەک گروپێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات.


کروز ئیخوان موسلیمینی بە "رێکخراوی تیرۆریستی" زانی کە "پشتیوانی لە لقە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس دەکات".


ڕۆژنامەی واشنتن فری بیکۆن بڵاویکردەوە، پڕۆژە یاساکەى کروز کە بەناونیشانى "یاساى دەستنیشانکردنى تیرۆریستى برایەتی موسڵمانان لە ساڵى 2025"، ئەو شتە پەسەند دەکات کە تیمەکەى کروز بە "ستراتیژى مۆدێرن" وەسفیان کردوە، کە تیشک دەخاتە سەر بە ئامانجگرتنى لایەنە پەیوەندیدارەکانى گروپەکە نەک سەرنجى لەسەر پێکهاتە جیهانییە دیارینەکراوەکەى بێت.

 

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە نوسینگەی کروز بەسەر سیناتۆرەکاندا دابەشکراوە، پڕۆژە یاساکە دەسەڵاتی نوێ دەداتە وەزارەتی دەرەوە بۆ دەستنیشانکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە ئیخوانەکان وەک گروپی تیرۆریستی و داواش لە وەزارەتەکە دەکات کە لە ماوەی 90 ڕۆژدا لە دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە لیستێکی گشتگیر لەو جۆرە قەوارانە ئامادە بکات.


یاسا پێشنیار کراوەکە سێ ڕێگا لەخۆدەگرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی: هەنگاوێکی کۆنگرێس بەپێی یاسای دژە تیرۆری ساڵی 1987، دەستنیشانکردنی فەرمی لەلایەن وەزارەتی دەرەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی و لە کۆتاییدا، دەستنیشانکردنی گروپەکە وەک تیرۆریستێکی جیهانی دیاریکراوی تایبەت.


بەپێی ئەو دەستنیشانکردنانە، هاوڵاتیانی ئەمریکی لە ئەنجامدانی هەر مامەڵەیەکی دارایی یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ گروپەکە قەدەغە دەکران و سەروەت و سامانەکەی بەستراوەتەوە.

;