دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان 11 ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە، کە چواریان لە کەرکوک بوون و یەکێکیشیان لە سلێمانی بووە.
لە راگەیەندراوی دەزگای دژە تیرۆری عێراقدا هاتووە، لەمیانی هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش و لەناوبردنی پاشماوەکانیان، ئۆپراسیۆنێکی گەورەی گەڕان و پشكنینیان لە ناوچە جیاجیاکان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە؛ لە نەینەوا پێنج ئەندام و لە ناوچە جیاجیاکانی کەرکوک چوار ئەندام و لە سلێمانی یەک ئەندامی داعش و لە سەڵاحەدینیش ئەندامێکی دیکەی ئەو گرووپەیان دەستگیرکراوە.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەڵێت؛ دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی داعش لە نەینەوا و کەرکوک و سلێمانی بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
دژە تیرۆری عێراق دەشڵێت، لەمیانی ئۆپرسیۆنەکاندا دەیان حەشارگە و شوێنی مانەوە، ئەشکەوت و تونێلی داعشیان تەقاندووەتەوە و لەناوبردووە ، هاوکات پشکنینیان بۆ چەندین تونێل و باڵەخانە کردووە و لە پشکنینەکانیشیاندا دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیدا.
دژە تیرۆری عێراق دەڵێت، ئۆپراسیۆنەکان بە فەرمانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و بەپشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگیری ئەنجامدراوە بۆ کۆتاییهێنان بە پاشماوەکانی داعش.