نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات لەوەی ژیانی سەدان هەزار منداڵ بەهۆی برسێتییەوە لە غەززە لە مەترسیدایە و تائێستا زیاتر لە 100 منداڵ بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە بانگەوازێکی بەپەلەدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتی کردووە، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی بڵاویکردەوە، هاوبەشەکانی لە کاروباری فریاگوزاریی لە غەززە ئاشکرایان کردووە کە دۆخێکی مرۆیی قورس دەگوزەرێت بەجۆرێک جیهان شەرمەزار دەکات و پێویستی بە جوڵەیەکی خێرای مرۆیی هەیە.
پێشتریش بەرنامەی خۆراکیی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو: زیاتر لە 300 هەزار منداڵ لە دۆخێکی قورسدان و سێ- یەکی دانیشتوانی غەززە چەندین رۆژ لەسەر یەک هیچ خۆراکێکیان دەستنەکەوتووە.
ئاماژەی بەوەکردووە: غەززە پێویستی بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلە هەیە و مانگانە لایەنی کەم 62 هەزار تۆن خۆراکی پێویستە وەک فریاگوزاری سەرەتایی، بەڵام لە ئێستادا ڕێگە نادرێت ئەو بڕە خۆراکە بگاتە دانیشتوانەکەی، بەهۆیەوە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لەو شارە مەترسیی لەسەر ژیانیان درووست بووە.
بەرنامەی خۆراک ئاشکرای کردووە، بەهەوڵی سەرجەم هاوبەشەکانیان توانیویانە بڕە خۆراکێک کۆبکەنەوە و لە رێگەی دەروازەی کەرم ئەبو سالم بیگەیەننە غەززە، بەڵام پێش گەیشتنی بە شوێنی مەبەست بەشێکی زۆر بارهەڵگرەکان بەتاڵکراون.
بەپێی ئەو ڕێکخراوە؛ سوتەمەنییش لە هەمان دەروازەوە دەچیتە غەززە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕۆژانە رێگە بە تێپەڕینی 150 هەزار لیتر سوتەمەنی دەدەن، ئەوەش کەمترین بڕە و بەشی پێداویستییەکان و ڕزگارکردنی ژیانی برسییەکان ناکات.
هەر لەوبارەیەوە، بەرگری شارستانی فەلەستین بڵاوی کردەوە؛ نیوە زیاتری ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری لە کارکەوتوون بەهۆی پەککەوتن و نەبوونی پارچەی یەدەگ یان نەبوونی سوتەمەنیەوە.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانیش هەفتەی ڕابردوو هۆشداری دا کە 1.5%ـی زەوی کشتوکاڵی غەززە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت و بەرهەمیان هەیە، بەوەش سیستمی خۆراک لەو کەرتە بەتەواوەتی هەرەسی هێناوە.