ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئابی 2025، کەسوکاری قوربانیانی ڕوداوی شەڕو ئاڵۆزییەکەی ناو بەنزینخانەکەی هەولێر کە بوو بەهۆی کوژرانی 3 کەس کە دوو لەو کەسانە هاوڵاتی عەرەب بوون هاتنە پارێزگای هەولێر و لەگەڵ هەریەک لە پارێزگار و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر کۆبونەوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەو ڕوداوەی کە بوە هۆی کوژرانی سێ کەس، هەندێک لە میدیاکان و سۆشیال میدیا هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست بڵاودەکەنەوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین تاوانبار و هەرسێ کوژراوەکە یەکتری ناناسن و پەیوەندی بە هیچ بابەتێکەوە نییە.
هاوکات پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاپۆڕانیوزدا ڕایگەیاند، یاسا سەروەرە و ئەوەی کە دڵی ئەو خانەوادانەی پێ خۆشببێت وەک ئاگاداربونی تەواوی کەیسەکە ئەتوانن بەشداربن لە دادگاییەکاندا.
هاوکات کەسوکاری قوربانیە عەرەبەکان ڕایانگەیاند، کە داوا دەکەین کە بکوژی کوڕەکانمان لەسێدارەبدرێت، چونکە خەڵکی کوشتوە ئەبێت بکوژرێتەوە و هاوکات ئەوکەسانەی کە ئاسانکاریش بونە بۆ ڕوداوەکە دەبێت دادگایی بکرێن و لێپێچینەوە لەو بەنزینخانەیە بکرێت کە بۆچی چەک لەناو بەنزینخانەکەدا هەبوە.
هاوکات کەسوکاری سەعد کە هاوڵاتیێکی کوردبو لەڕوداوەکەدا کوژرا ڕایانگەیاند، داوا دەکەین کێشەکە نەبێتە کێشەیەکی نەتەوەیی لەنێوان کورد و عەرەب خەڵک و میدیاکان بە هەستیاریەوە مامەڵە بکەن، چونکە یەکێک لەوکەسانەی کە کوژراوە کوڕی کوڕە شەهیدێکی ئەم شارەیە.