Apora Logo

عەلی لاریجانی گەیشتە عێراق

عەلی لاریجانی گەیشتە عێراق

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، گەیشتە عێراق و بڕیارە لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نوێ واژۆ بکەن.

11/8/2025

ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئابی 2025، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کۆبووەوە.


پێشتر لاریجانی لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاندبوو، کەوا سەردانی عێراق و لوبنان دەکات و ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نوێ و گرنگ لە گەڵ بەغدا واژۆ دەکەن کە دووپاتی دەکاتەوە کە ئاسایشی ناوچەکە بنەمایەکی ستراتیژی هاوبەشە. سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکوومەتی عێراق دەربڕی بۆ "هاوکارییە گەورەکانی لە ڕێکخستنی مەراسیمەکانی ئەربەعین و ئاسانکاری بۆ کاروباری حاجیانی ئێرانی".


ئاماژەی بەوەشدا، لوبنان وڵاتێکی گرنگە و ڕەگ و ڕیشەی کولتووری هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە، لەوێ ڕاوێژکاری لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە کاریگەرەکان ئەنجام دەدەین، پەیامی ڕوونیش دەگەیەنین کە تیشک دەخاتە سەر یەکڕیزی گەلی لوبنان و سەربەخۆیی وڵات، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری و بازرگانی. جەختیشی لەوە کردەوە کە "تاران هەمیشە ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی لوبنان لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان و گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندنی بەردەوام".


ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەو دامەزراوەیە کە بەرپرسە لە داڕشتنی سیاسەتی گەورەی بەرگری و ئەمنی. سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتی دەکات، لە کاتێکدا سکرتێرەکەی کەسایەتییەکی دیاری سیاسی یان ئەمنییە. تاران و بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێککەوتنی ئەمنی هاوشێوەیان واژۆ کردووە، لەوانە هاوکاری لە بواری کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری و هەماهەنگی لە پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

;