Apora Logo

سوپای ئیسرائیل دانبە کوشتنی پەیامنێرێکی کەناڵی جەزیرە دەنێت

سوپای ئیسرائیل دانبە کوشتنی پەیامنێرێکی کەناڵی جەزیرە دەنێت

سوپای ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێت کە پەیامنێرێکی کەناڵی جەزیرەی کوشتووە و تۆمەتباری دەکات بە سەرکردایەتیکردنی شانەیەکی حەماس

11/8/2025

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر شاری غەززە، ئەنەس ئەلشەریف، ڕۆژنامەنووسی کەناڵی جەزیرەیان کوشتووە و بە سەرکردایەتیکردنی شانەیەکی حەماس تۆمەتبار کردووە.


سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا نوسیویەتی: "ئەنەس ئەلشەریف سەرۆکی شانەیەکی تیرۆریستی لە بزووتنەوەی تیرۆریستی حەماس بووە و بەرپرسیار بووە لە هەڵدانی موشەک بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل و هێزەکانی ئیسرائیل".


میدیاکانی فەلەستینی بڵاویانکردەوە، فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی خێمەیەکی ڕۆژنامەنووسانی لە بەردەم نەخۆشخانەی ئەلشیفە لە شاری غەززە بۆردومان کردووە و بەو هۆیەوە پێنج کەس کوژراون چواریان ڕۆژنامەنووس بوون. تەلەفزیۆنی فەلەستین ڕایگەیاندووە، "ئەو ڕۆژنامەنووسانە بریتی بوون لە ئەنەس ئەلشەریف و محەمەد قریقیە، پەیامنێری کەناڵی ئەلجەزیرە، هەروەها وێنەگر ئیبراهیم داهر و محەمەد نوفال. هەروەها پەیامنێری کەناڵی ئەلکۆفیە محەممەد سۆبیش بریندار بووە".


نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە کوژراون، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەززە، گەیشتووەتە 237 کەس، پێشتریش کەناڵی ئەقسا ڕایگەیاندبوو، کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە 60 کەس کوژراون کە 30 کەسیان هاوکاریخوازبوون.

;