دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ڕۆژی 15ی ئاب لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسییەکەی لە شاری ئەلاسکا کۆدەبێتەوە، گوتشی؛ هیوادارم هاوکار بین لە نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی truth social، نوسیویەتی؛ کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان من و ڤلادیمێر پوتین هەینی داهاتوو 15ی ئابی 2025 لە ویلایەتی ئەلاسکا بەڕێوەدەچێت".
پێشتر ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، بەگوێرەی ڕۆیتەرز: "زۆر بە زوویی لەگەڵ سەرۆک پوتین کۆدەبمەوە، دەکرا زووتر بێت، بەڵام پێموایە ڕێکخستنی ئەمنی هەیە کە بەداخەوە هەندێک کەس دەبێت بیکەن".
سەبارەت بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، ترەمپ ڕایگەیاند، "ئاڵوگۆڕی خاک دەبێت".
ئاژانسی هەواڵی ڕوسی تاس ڕۆژی شەممە لە زاری یوری ئوشاکۆڤ بەرپرسی کرێملینەوە بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی لە ١٥ی ئاب لە ئەلاسکا کۆدەبنەوە.
جێگەی باسە دوایین سەردانی سەرۆکێکی ڕووسیا بۆ ئەمریکا 10 ساڵ لەمەوبەر بووە، واتە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2015.
ڕووسیا لە ساڵی 1867 بە بڕی 7.2 ملیۆن دۆلار ئەلاسکای بە ئەمریکا فرۆشت و لە 3ی تشرینی دووەمی 1959 بە فەرمی وەک ویلایەتێک ناسێندرا و لە ڕیزبەندی 49 هەمین ویلایەتەکانی ئەو کاتەدا بوو.
ئەلاسکا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جیاکراوەتەوە و دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای کەنەدا و بەهۆی گەرووی بێرینگ لە فیدراسیۆنی ڕووسیا جیاکراوەتەوە.