نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی پەسەند کرد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری غەززە.
ئاماژە بەوەشکراوە، "هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری غەززە لە هەمان کاتدا هاوکارییە مرۆییەکان بەسەر خەڵکی سڤیل لە دەرەوەی ناوچەکانی شەڕدا دابەشدەکات".
جگە لەوەش، کابینەی ئەمنیەتی پێنج بنەمای سەرەکی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە پەسەند کرد: هەڵوەشاندنەوەی گرووپی فەلەستینی حەماس، دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان- چ بە زیندوو و چ مردوو- داماڵینی کەرتی غەززە، دەستەبەرکردنی کۆنترۆڵی ئەمنی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا، هەروەها دامەزراندنی حکومەتێکی مەدەنی کە حەماس یان دەسەڵاتی فەلەستین سەرکردایەتی نەکات.
ئەوەشی وت: زۆرینەی یەکلاکەرەوەی وەزیرانی کابینەی ئاسایش پێیان وابوو ئەو پلانە بەدیلەی کە پێشکەشی کابینەی ئاسایش کرابوو، نە شکستی حەماس بەدەست دەهێنێت و نە گەڕانەوەی بارمتەکان.
باراک ڕەڤید، پەیامنێری ئاکسیۆس پێشتر بە پشتبەستن بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "کابینەی ئەمنی پێشنیاری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بۆ شکستپێهێنانی حەماس پەسەندکرد، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە لە هەمان کاتدا هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە دانیشتوانی مەدەنی لە دەرەوەی ناوچەکانی شەڕ دەکات".
بەپێی وتەی ینێت، بەیاننامەکە خۆی لە بەکارهێنانی وشەی "داگیرکردن" بەدوور گرتووە، لەبری ئەوە "دەستبەسەرداگرتن"ی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی دەرئەنجامە یاساییە ئەگەرییەکان سەبارەت بە دانیشتوانی مەدەنی لابدات.
بە پێی ڕاپۆرتی کان نیوز، کۆبوونەوەکە نزیکەی ١٠ کاتژمێری خایاند.
دوابەدوای بڕیارەکەی کابینەی حکومەت، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی (زە ئۆرشەلیم پۆست)ی ڕاگەیاند کە لە سەرەتادا سوپای ئیسرائیل "بنکەکانی تیرۆریستان لە شارەکەدا دەکاتە ئامانج" و لە کۆتاییدا ئۆپەراسیۆنەکان فراوانتر دەبن و کەمپەکانی پەنابەرانی ناوەندیش دەگرێتەوە.
پێشبینی دەکرێت تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە لانیکەم شەش مانگ بخایەنێت.