بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەنیازە کەرتی غەززە داگیربکات بۆ دامەزراندنی ئیدارەیەکی مەدەنی لە داهاتوودا دوور لە نفوزی حەماس.
ناتانیاهۆ لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئیسرائیل کۆنترۆڵی غەززە دەکات، وتی: "بەنیازی (کۆنتڕۆڵکردنی غەززە) ین لە پێناو دڵنیابوون لە ئاسایشمان، لابردنی حەماس لەوێ، بتوانین دانیشتووان ئازاد بن ... و بیگوازینەوە بۆ حوکمڕانی مەدەنی کە حەماس نییە و هیچ کەسێک نەبێت کە بانگەشە بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لێی ئیدارەکردنی هەمیشەیی نییە بەڵکو لابردنی حەماسە و ڕێگەدان بە ئیدارەیەکی ناوخۆیی جیاواز، کە لەلایەن هاوبەشە عەرەبییە ناوچەییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئیسرائیل تەواوی خاکی ٢٦ میل داگیردەکاتەوە، وەک ئەوەی پێش کشانەوەی ساڵی ٢٠٠٥ کردبووی، نەتانیاهۆ وەڵامی دایەوە و وتی: نامانەوێت بیهێڵینەوە، دەمانەوێت دەوری ئەمنیمان هەبێت.
زیاتر دوا وتی، ئێمە نامانەوێت وەک دەستەی حوکمڕان لەوێ بین، دەمانەوێت ڕادەستی هێزە عەرەبییەکان بکەین کە بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەی دەبەن بەبێ ئەوەی هەڕەشەمان لێ بکەن و ژیانێکی باش بە غەززییەکان بدەن.
ئیسرائیل بەهۆی شەڕە وێرانکەرەکەیەوە بۆ سەر غەززە ڕووبەڕووی توڕەیی زیاتر بووەتەوە، کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ٦١ هەزار و ١٠٠ قوربانی لێ کوژراون، هەڵمەتە سەربازییەکە ئەو ناوچەیەی وێران کردووە.
مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ و یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشووی بە تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە دەرکرد.
هەروەها ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی دۆسیەی جینۆساید دەبێتەوە بەهۆی شەڕی دژی ئەو ناوچەیە.