Apora Logo

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتی دەکاتەوە کە وادە یان شوێنێک بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتۆن دیاری بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتی دەکاتەوە کە وادە یان شوێنێک بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتۆن دیاری بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە (7ی ئابی 2025)، ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە سەبارەت بە دیاریکردنی کات یان شوێنێک بۆ هەر دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا

7/8/2025

 


وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە (7ی ئابی 2025)، ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە سەبارەت بە دیاریکردنی کات یان شوێنێک بۆ هەر دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ دانوستانێکی ڕاستەوخۆی ئەو دوولایەنە لە ئێستادا لە بەرنامەی کاردا نییە".


ئەم ڕەتکردنەوەیە دوای ئەو ڕاپۆرتانەی میدیاکان هات کە دەڵێن دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا خولێکی دانوستان لە نێوان تاران و واشنتۆن لە وڵاتێکی کەنداو ئەنجام بدرێت، ئەمەش ئیدیعایەکی وەزارەتەکە بە توندی ڕەتیکردەوە.


ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەو هەواڵەی کە بڵاودەکرێتەوە سەبارەت بە وڵاتانی دیکە جگە لە سەڵتەنەتی عومان کە نێوەندگیری دەکەن بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی گفتوگۆ، سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی نییە".


بەقایی وتیشی: لە ماوەی سێ چوار هەفتەی ڕابردوودا، هەواڵی ناڕاست و هەڵبەستراو زۆر بڵاوکراونەتەوە، و چەندین جار پووچەڵکراونەتەوە، کە بەشێکی زۆری بە ئامانجی هاندانی گرژییە.


ناوبراو ئاماژەی بە نموونەی پێشووی ئەم جۆرە هەواڵانە کرد، وەک دەنگۆی چۆڵکردنی بەشێک لە باڵیۆزخانەی بیانی لە تاران و وتی، "دواتر سەلمێندرا کە بێ بنەمایە". ئاماژەی بەوەشدا، "بۆیە پێویستە هەموومان زیاتر وریا بین لەکاتی وەڕگرتنی هەواڵ و ئەو ڕاپۆرتانە بڵاو نەکەینەوە کە لەسەر بنەمای زانیاریی دروست یان سەڕچاوەی فەڕمی نەبن".


ئاژانسی هەواڵی تابنەک کە نزیکە لە ژەنەڕاڵ موحسین ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو کە ڕەنگە دانوستانە ناڕاستەوخۆ ئەتۆمیەکان لە چوارچێوەیەکی هەماهەنگی نوێدا دەستپێبکاتەوە، بە بەشداریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان. بەڵام تا ئێستا بەروار و شوێنی دیاریکراو پشتڕاست نەکراوەتەوە.


عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تا ئێستا وڵاتەکەی نەگەیشتووەتە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ئاڵوگۆڕی پەیامەکان بەردەوامە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کاتی و شێوەی هەر جۆرە وتووێژێکی داهاتوو بە تەواوی پەیوەستە بەوەی کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران چی دەخوازێت.


;