ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندوە، لە ماوەی یەک مانگدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم سزای سێدارەی بەسەر زیاتر لە 110 کەس لە بەندیخانە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا جێبەجێکردوە و 67 بەندکراوی دیکەش مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندوە، ژمارەی لە سێدارەدان لە ئێران بەردەوام لە بەرزبونەوەدایە و بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵانی رابردو، ڕێژەکە بوە بە دوو هێندە.
بە گوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوەکە، ئەو 110 کەسەی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە لە مانگی رابردودا، لە نەتەوە جیاوازەکانن و جگە لە فارس، چواریان هاوڵاتی کورد بون، نۆ هاوڵاتی بەلوچ و حەوت هاوڵاتی ئەفغانستان و سێ هاوڵاتی عەرەبیش هەن.
ئەم ئامارانەی ڕیكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە کاتێكدایە، وڵاتەکە ئەو ئامارە ڕەتدەکاتەوە و بە فەڕمی تەنها لە سێدارەدانی هەشت هاوڵاتی ڕاگەیاندوە .
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، بەردەوام کۆماری ئیسلامی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە سزای لە سێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و تیرۆر لە کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنیت، بە تایبەت دوای ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی.