یەکێتیی تۆپی پێی فەڵەستین ڕایگەیاند، سولەیمان عوبێدی، یاریزانی هەڵبژاردەی فەڵەستین کە نازناوی "پێلێی تۆپی پێی فەڵەستینی"ی لێنراوە، بە گوللەی سوپای ئیسرائیل، لەکاتی چاوەڕوانی یارمەتییە مرۆییەکان لە باشووری کەرتی غەززە کوژراوە .
یەکێتیی تۆپی پێی فەڵەستین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سولەیمان عوبێد یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی نیشتمانی و ئەستێرەی یانەی کەناری خزمەتگوزارییەکان لە کەرتی غەززە،لەوکاتەی چاوەڕێی وەرگرتنی هاوکاریی مرۆیی بووە، لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ژمارەیەک دانیشتووی دیکەی کەرتەکە کراونەتە ئامانج و کوژراوە.
عوبێد لە 24ـی ئازاری 1984 لە شاری غەززە لە دایکبووە. خێزاندار بووە و پێنج منداڵی بووە.
سەرەتای ژیانی وەرزشی لەگەڵ یانەی 'سێرڤیس بیچ' دەستی پێکرد، دواتر ڕووی لە یانەی 'عەماری' کرد لە کەناری ڕۆژئاوا، لەوێ یەکەم نازناوی خولی پیشەگەری لە ساڵی 2010 بەدەستهێنا، دواتر گەڕایەوە بۆ غەززە و پەیوەندی بە یانەی وەرزشی غەززەوە کرد، هەروەها بە پێی بەیاننامەکە، سولەیمان عوبێدی لە 24 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڵەستین بەشداری کردووە.
بەگوێرەی هەمان بەیاننامە، عوبێد بەدرێژایی ژیانی تۆپی پێی خۆی زیاتر لە 100 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی تۆپی پێی فەڵەستین.
یەکێتیی تۆپی پێی فەڵەستین ڕوونی کردەوە، عوبێد پەیوەندی بەو 662 وەرزشکاری فەڵەستینیەوە کردووە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە کوژراون.