پۆلیسی هەڵەبجە دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی دوو گەنج و بریندارکردنی گەنجێکی دیکە لە شارەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی رۆژی 5 ی ئەم مانگە کەسێک کە بە سواری ماتۆڕسکیل و کڵاوی لەسەردابوو و لە گەڕەکی فەرمانبەران تەقەی لە سێ گەنج کرد و لە ئەنجامدا دووانیان گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەیان بریندار بوو، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکرد و پاش هەڵگرتنەوەی دیمەنەکانی کامێرای چاودێریی شوێنی رووداوەکە و وەرگرتنی ووتەی شاهیدی رووداو توانرا بکوژی رووداوەکە دیاریی بکرێت.
ئاشکراشیکرد، مەفرەزەکانمان لە بەشی پۆلیسی ناوشار، بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەدواداچوونیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار کرد و سەرئەنجام تۆمەتبار بە ناوی (ش، ف، ع) لەدایکبووی ساڵی 2003 دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە خۆی رادەستی هێزەکانمان کرد و لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانی بەتاوانەکەدا ناوە لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.