Apora Logo

عەلی لاریجانی گەڕایەوە پێشەنگی بڕیارە ئەمنییەکان لە ئێران

 عەلی لاریجانی گەڕایەوە پێشەنگی بڕیارە ئەمنییەکان لە ئێران

سەرکۆماری ئێران لە رێگەی فەرمانێكەوە عەلی لاریجانی وەک ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشان کرد، گەڕانەوەی لاریجانی بۆ پێگەیەکی ئەمنیی هەستیار لە گەڵ پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان و پێشهاتە خێراکانی مەلەفی غەززە جێگەی سەرنجە.

6/8/2025


عەلی لاریجانی کێیە؟


لاریجانی پێشتر لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007دا سەرکردایەتی دانوستانە ئەتۆمییەکانی تاران لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوای دەکرد، پێش ئەوەی دەست لەکاربکێشێتەوە بەهۆی جیاوازی دیدگا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پێشوی ئێراندا.


لاریجانی سیاسەتمەدارێکی دیاری ئێرانە، پۆستی هەستیار و دیارترینیان سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و بەرێوەبەرایەتی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی به‌ڕێوه‌بردوه‌، جگە لەوەی کە ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی لە ئاستە جیاجیاکاندا کردوە.


لاریجانی سەرەڕای ئەوەی سێ جار خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران کاندید کرد ، دوایین جار لە هەڵبژاردنە خێراکانی ساڵی ٢٠٢٤ دوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەنجومەنی پارێزەران لە هەردوو ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٤دا بێبەشی کرد.


هەروەها سەر بە بنەماڵەیەکی کاریگەرە لە ڕوی ئایینی و سیاسییەوە، کە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانیان براکەی سادق لاریجانییە کە وەک سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کاری کردوە.


گرنگی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی


ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی وەک یەکێکه‌ گرینگترین دامودەزگاکانی بڕیاردان لە ئێران، بە تایبەتی لە پرسە ستراتیژییەکانی وەک ئاسایشی ناوچەکە و بەرنامەی ئه‌تۆمی تەماشا دەکرێت، بڕیارەکانی پێش جێبەجێکردنیان بە ڕەزامەندی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ده‌درێت.


ئەو دەستبەکاربونە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەرزبونەتەوە، پێدەچێت گەڕانەوەی لاریجانی بۆ ئەو پێگەیە ڕەنگدانەوەی نیازی ڕژێم بێت بۆ بەکارهێنانی ئەزمونی بەرفراوان و پەیوەندییە بەرفراوانەکانی لەناو پێکهاتەکانی دەوڵەتدا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی قۆناغی داهاتو.


;