ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی ڕۆژی سێشەممە (5ی ئابی 2025)، مەرجەکانی ڕەشنووسی بودجەی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026بڵاوكردەوە، کە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە شێوەی پشتیوانییەکانی بۆ هێزە ئەمنیەكانی عێراق تێدایە، لەوانە ڕاگرتنی بودجە بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق، لەبەرامبەر زیادبوونی بەرچاوی پاڵپشتی بۆ خزمەتگوزاری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، "لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە، ڕاگرتنی پێدانی مووچەی پێشمەرگە و گواستنەوەی بەرپرسیارێتی دابینکردنی بودجە بۆ سەر حکومەتی عێراق"، دوای ئەوەی ئەو مووچەیانە ساڵانێک بوو لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە پارەیان بۆ دابین دەکرا.
تۆڕەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە "پشتیوانی دارایی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە 189.1 ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2025 بۆ تەنها 48.2 ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2026 کەم دەکرێتەوە".
لەبەرامبەردا لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە کە "حکومەتی ئەمریکا بڕیاریداوە بودجەی خۆی بۆ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق لە 9.3 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 63.6 ملیۆن دۆلار زیاد بکات، کە لە ساڵی داهاتووەوە دەستپێدەکات"، جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لە ئەولەویەتەکانی پشتیوانی ئەمریکا لە چوارچێوەی عێراقدا.
لە ڕاپۆرتەکەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە "واشنتۆن دەستیکردووە بە گواستنەوەی پاڵپشتی دارایی خۆی لە وەزارەتی بەرگری و هێزی پێشمەرگەی عێراقەوە بۆ هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی SDF لە سوریا".
بەگوێرەی وەسفی تۆڕەکە، "ئەمریکا وەک بەرپەرچدانەوەیەک سەیری دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق دەکات بۆ ئەوەی ناوی دەنێت 'کوتلە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوخۆی عێراق'".