دوا بەدوای ئەو شۆکەی ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر تووشی بوو، دەزگای هەواڵگریی سەربازی ئیسرائیل پێداچوونەوەی هەمەلایەنەی بەسەردا دێت.
گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی دەزگاکە بریتین لە زیندووکردنەوەی بەرنامەیەک بۆ دامەزراندنی خوێندکارانی ئامادەیی بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی هەروەها ڕاهێنانی زمانی عەرەبی بۆ هەموو سەربازەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بلومبێرگ، "پلانی نوێ تیشک دەخاتە سەر کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیاو بنیاتنانی تیمێکی سیخوڕی و شرۆڤەکار کە شارەزاییەکی بەرفراوانیان هەبێت لەسەر زاراوەی جۆراوجۆری عەرەبی و تێگەیشتنێکی قووڵ لە ئایدۆلۆژیای توندڕەو و ئەو قسە ئاینیانەی پەیوەستن پێیەوە".
بە وتەی یەکێک لە ئەفسەرانی هەواڵگری کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت قسەی کردووە، دەزگاکە "تێگەیشتنێکی هەڵەی بنەڕەتی" لە ئایدۆلۆژیاو پلانەکانی ئۆپەراسیۆنی حەماس هەبووە.
ئاژانسەکە ئاگاداری هەوڵەکانی حەماس بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکە سەربازییەکان و کۆمەڵگە مەدەنییەکانی نزیک غەززە، و بە ئاشکرا چاودێری مەشقی چەکدارانی کردبوو، بەڵام هەڵسەنگاندنی گشتی ئەوە بوو کە ئەم کارانە تەنیا وەهم بوون.
مایکل میلشتاین، بەرپرسی توێژینەوەی فەلەستینی لە سەنتەری دایان لە زانکۆی تەلئەبیب دەڵێت: "ئەگەر زیاتر ئیسرائیلییەکان بتوانن ڕۆژنامەکانی حەماس بخوێننەوە و گوێ لە ڕادیۆکەی بگرن، ئەوا تێدەگەن کە حەماس لە پاشەکشەدا نییە بەڵکو زیاتر بەدوای جیهاددا دەگەڕێت".
گرنگیدانی نوێ بە زمان و ڕاهێنانی ئایینی، بە گوتەی ئەو ئەفسەرە هەواڵگرییە، ڕەنگدانەوەی "گۆڕانکارییەکی قووڵی کولتوورییە" لە ڕێکخراوێکدا کە تا ئێستا پشتی بە وەرگێڕان بەستووە، تەنانەت لە نێو ئەفسەرە باڵاکانیشدا. ئامانج لێی بنیاتنانی کولتوورێکی ناوخۆییە کە "وەک دوژمنەکەمان هەناسە بدات و بیر بکاتەوە".
بەڵام میلشتاین و کەسانی دیکە پێیان وایە سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە پێویستی بە گۆڕانکاری بەرفراوان هەیە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا و تەحەداکەش لەوەدایە کە ئیسرائیلییەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر ناوچەکە بێت- کولتوور و زمان و هەڕەشەکانی- نەک لەسەر دەرفەتە جیهانییەکان.
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان، دەزگای هەواڵگری بەرنامەیەک دەگەڕێنێتەوە کە شەش ساڵ لەمەوبەر داخراوە کە هانی خوێندکارانی قوتابخانەکانی دەدا زمانی عەرەبی بخوێنن، لە هەمان کاتدا مەشق و ڕاهێنان بە زاراوە جیاوازەکان فراوانتر دەکات.
بە شێوەیەکی فراوانتر، دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیل لە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا دوور دەکەوێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری مرۆیی، بە دانانی بریکاری نهێنی لە مەیدانەکەدا و پەرەپێدانی یەکەیەکی لێکۆڵینەوە.
ئۆفەر گۆتەرمان، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری و ئەندامی دامەزراوەی توێژینەوەی میتۆدۆلۆژیای هەواڵگری، پێی وایە ئەم ستراتیژیانە پێویستیان بە تاکی زیاتر هەیە کە "ئاگاداری دۆمەینی جیاواز بن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێش هێرشی حەماس، باوەڕی باو ئەوە بوو کە هەڕەشە گەورەکان زاڵ بوون، جگە لە چەکی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام ئەو پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم بۆچوونانە ئێستا هەڵەن و ئیسرائیل پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەی کولتوری هەواڵگری خۆی هەیە".
گوتەرمان جیاوازی دەکات لە نێوان ئاشکراکردنی نهێنییەک و چارەسەرکردنی نهێنییەک. لە کاتێکدا ئیسرائیل لە ئاشکراکردنی نهێنییەکان، وەک نەهێشتنی سەرکردایەتی حزبوڵا لە لوبناندا سەرکەوتوو بووە، بەڵام توانای ئەوەی لەدەستداوە کە سەرکردەکان پلانیان چییە- واتە چارەسەرکردنی نهێنییەکان.
ئاماژە بەوە دەکات کە زانستی پێویست پێویستی بە پابەندبوونێکی قووڵە بە لێکۆڵینەوەکانی مرۆڤەوە، وەک ئەدەب و مێژوو و کولتوور.