دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پارەیەکی زۆر دەنێرین بۆ خەڵكی غەززە و هیوادارین دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی ئەم پارانە لە ناوچەکەدا هەبێت. ئاشکراشیدەکات کەوا وەڵامی باشمان وەرگرتووە سەبارەت بە دابەشکردنی پارە و هاوکارییەکان، و دەمانەوێت خواردن بە هەموان بگات".
ئاماژەی بەوەشكرد، "وەک دەزانن، ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان پارە دەنێرن، بەڵام بەراورد ناکرێن بە ئێمە. ئەوان پارەیان ناردوە و حەماس دەیدزێت، ئەمە یارییەکە حەماس دەیکات و ئێمە چاودێریی ئەو پارانە دەکەین و ئیسرائیلیش ئەم کارە لە ئەستۆ دەگرێت".
ترەمپ باسی لەوەشكرد، لەگەڵ کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا باسی لە بڕیاری بریتانیا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین نەکردوە. دەشڵێت، "ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فرەنسا و ستارمەر هەمان هەڵوێستیان سەبارەت بە ئیسرائیل هەیە، کە ئەوەش بەو مانایە نییە کە لەگەڵیاندا هاوڕاین".
ئەوەشیخستەڕو، "سەرۆک ماکرۆن کەسێکە کە بە باشی کاردەکات، بەڵام من لەگەڵ ڕاگەیاندنی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نیم، و پێموایە ستارمەریش بە هەمان شێوە کارێکی باش دەکات و هەمان شتی وتوە و کێشە نییە. پێویست ناکات من هاوڕابم".
ئەوە لەكاتێكدایە ترەمپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەمریکا هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات بۆ دامەزراندنی ناوەندی نوێی دابەشکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە بۆ چارەسەرکردنی خراپتربونی قەیرانی مرۆیی لەوێ، بەڵام خۆی و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا وردەکارییەکی کەمیان سەبارەت بەو پلانە هەیە.