ڕۆژی دووشەممە 21ی تەمموزی 2025، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، دەبێت حکومەتی سوریا لێپرسینەوە لەگەڵدا بکرێت سەبارەت بەو ڕووداوانەی لە پارێزگای سویدە ڕوویدا، ئاماژەی بەوەشدا کە واشنتۆن هەوڵدەدات چارەسەری شکستی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بکات.
تۆم باراک وتیشی،"ئەمریکا ناتوانێت ئیسرائیل ناچار بکات کارێک بکات، بەڵام دەتوانێت کاریگەریی لەسەر لایەنەکان دروست بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن".
تۆم باراک جەختیشی كردەوە،" حزبولڵا پارتێکی تیرۆریستیەو دانوستانمان لەگەڵیان نییە و پارتێكی ناوخۆیی لوبنانە، ئەوەی لەسەرمانە تێڕوانینە جیاوازەکان لەیەکتر کۆبکەینەوە، ئێمە لەو ناوچانەین بۆ هاوکاریی کردنی وڵاتەکان، کاریگەریی خۆمان لەسەر وڵاتان دروست بکەین، بەڵام ناتوانین سەربازیی زیاتر بنێرینە وڵاتانی دیکە لەهەر بارودۆخێکدا بێت".
نێردەی تایبەتی ئەمریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،" سەردانم بۆ لوبنان نیشاندەری ئەوەیە، دۆناڵد ترەمپ گرنگی زۆر بەسەقامگیریی لوبنان دەدات، ئێستا بیر لەوە ناکەینەوە سزای لوبنان بدەین، ئاگربەستی لوبنانیش سەرکەوتوو نەبووە، دەمانەوێت ئەوە چارە بکەین".
لەبارەی بارودۆخی سوریا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەو وڵاتە وتی،" ئەوەی بەلای ئەمریکاوە لەسوریا گرنگە ئەوەیە، پێكهاتەکان لەدەسەڵاتی نوێی سوریادا کۆبکرێنەوە، ئەوەی ئێستا لەسوریا دەگوزەرێت، زۆر مەترسیدارەو جێی نیگەرانییە، ئەمریکا لەگەڵ گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی سوەیدای سوریا هەنگاودەنێت.
باراک بەپێویستی زانی سوریا گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکات و وتی،" خەڵک لەسوریا دڵنیانییە، پێویستە حکومەتی سوریا بەرپرسیارانە مامەڵە بکات، دەبێت ئەوان بەڵێن بدەن کەدەتوانن حکومداری بکەن و گفتوگۆ لەنێوان پێکهاتەکان دروست بکەن".
تۆم باراک دوپاتیشی کردەوە کەپێویستە حکومەتی سوریا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەوە لەكاتێكدایە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا ئەمڕۆ بەسەردانێک گەیشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان.