Apora Logo

ئەردۆغان: لە تورکیا لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە

ئەردۆغان: لە تورکیا لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرای کرد، لە تورکیە لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە، دوای ئەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیان بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان کرد.

12/7/2025

ئەمڕۆ شەممە ١٢ی تەمموزی ٢٠٢٥، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەبارەی پڕۆسەی چەکدانانی یەکەم گروپی پەکەکە وتارێکی بڵاوکردەوە و وتی، دوێنێ پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە، ئەوە بەڵێنێک بوو کە جێبەجێی کرد و چەکی فڕێدا، بەمەش لاپەڕەیەکی نوی هەڵدراوەتەوە لە مێژووی تورکیادا.


ئەردۆغان لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی نوێیە؛ دەرگای تورکیایەکی گەورە و بەهێز بە فراوانی کرایەوە.


سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانەی وتارێکدا لە کۆنفرانسێکی پارتی داد و گەشەپێدان ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسانکاری بۆ تەواوکردنی خێرای پڕۆسەکە دەکەین بەبێ ئەوەی هەستی کەس بریندار بکەین، بەگوێرەی هەستیاری دۆخەکە، هەروەها لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکان دەکەین.


ئەردۆغان ڕوونیشیکردەوە، هێرشە "تیرۆریستییەکانی" کە وڵاتەکەی کردە ئامانج، بووە هۆی کوژرانی 10 هەزار کارمەندی ئەمنی و 50 هەزار هاوڵاتی مەدەنی، ئاماژەی بەوەشکرد، تێچووی دارایی هێرشە "تیرۆریستییەکان" دوو ترلیۆن دۆلار بووە.


ئاماژەی بەوەشکرد، "تورکیە سەرکەوت و تورک و کورد و عەرەب و هەر یەکێک لە ٨٦ ملیۆن هاوڵاتیمان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا".


سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لە پرسی کورد لە عێراق و سوریا کرد و بە بابەتی وڵاتەکەی زانی. وتیشی، ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی سوریا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان و لە دڵەوە باوەڕم وایە کە لاپەڕەی تیرۆر لەوێشدا دەگەڕێتەوە و برایەتی سەردەکەوێت.


1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.


عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.


پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

 


;