لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجەوە مۆڵەتی هەفتەیەک دەداتە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بۆ ناساندنی ئۆتۆمبێلەکانیان و بڕیاریشدرا چوونیان بۆ ناو سەنتەری شارو شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان قەدەغە بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، دوابەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای هەڵەبجە و ئاڵوگۆڕی سەرنج و پێشنیازەكان، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و سکاڵا و داواکاری زۆری هاووڵاتیانی پارێزگاکەمان، چەند بڕیارێکمان پەسەند کرد.
بڕیارەکانیش بریتین لە:
یەکەم: دروستکردنی لیژنەیەکی ئەمنی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو لەسەرجەم لایەنە ئەمنیەكانی پارێزگاكە.
دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تا کو ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن، و پابەندی سەرجەم ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە.
سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و جامیان ڕەشە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە و ئیجرائاتی تەواویان لە لایەن لیژنەی ئەمنییەوە لەگەڵدا دەکرێت.
چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری دیلیڤەری دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.
پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل ڕێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شارو شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.
شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان بە هەر چوار ناحیەکەوە ئاگادار دەکەین، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.