كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم و بەغدا دەربارەی پرسی نەوت و مووچە و داهاتی ناوخۆ كۆتاییان هاتووە و بڕیارە هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم بە تەلەفۆن دواین بڕیار لە ڕێككەوتن بدەن و سبەینێش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی و ئامادەبوونی وەزیرە كوردەكان كۆبووەوە، بەلام هیچ بڕیارێك دەربارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدرا، كە تا ئێستتا مووچەی مانگەكانی 5 و 6 دابەش نەكراوە.
میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویانكردەوە، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسە دەكەن و بڕیاری كۆتایی لەسەر خاڵە ناكۆكەكان دەدەن.
ئاماژە بەوەشدراوە، بەمزووانەش ئەنجامی تەلەفۆنەكە و ئەنجامی گفتوگۆكانی هەردوو شاند بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.
لای خۆشیەوە، سبەی چوار شەممە 1-7-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی كۆدەبێتەوە.
سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29ـی حوزەیران تاوەکو 1ـی تەمموزی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیاکانی نەوت سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە تاوتوێ دەکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون بۆ خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.