ترەمپ و نەتانیاهۆ: چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە؛ سوپای ئیسرائیل دان بە زیانە گیانییەکان لە نزیک ناوەندەکانی فریاگوزاری لە غەززە دەنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوتوێی دۆخی غەززە و ئێران دەکات.
ترامپ ئەم لێدوانەی ڕۆژی سێشەممە بۆ ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە کۆشکی سپی بەجێهێشت بۆ سەردانی ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە ویلایەتی فلۆریدا ئێڤەرگلەیدز.
کارۆلین لیڤیت وتەبێژی ترەمپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ڕۆن دێرمەر، ڕاوێژکاری باڵای بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا لە واشنتۆنە و لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی لە واشنتۆن پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ دووشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت تاوتوێی "ئێران، غەززە، سوریا و تەحەددیاتی دیکەی ناوچەکە" بکەن.
ئاکسیۆس یەکەم کەس بوو کە ڕاپۆرتی سەردانەکەی دا، لە کاتێکدا ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە هێرشەکانی بۆ سەر باکووری غەززە پەرەپێدا و لە یەکێک لە کوشندەترین هێرشەکانی ماوەی چەند هەفتەیەکدا ٦٠ فەلەستینی کوژران، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ترەمپ داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی ٢٠ مانگە بکات.