ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی حوزەیرانی 2025، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، هەفتەی داهاتوو شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆدەبنەوە و دوای کۆبوونەوەکەی لوتکەی ناتۆش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا وتی، پێی وایە هەفتەی داهاتوو لە کۆبونەوەکەیان ئەنجامی باش بەدەست دەهێنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هاوکارێک بۆ ئەو لیژنەیە دادەنێن کە بڕیارە لە پەرلەمان پێکبهێنرێت، بە سەرکەوتوویی درێژە بە پڕۆسەی ئاشتی دەدەن و باوەڕیان پێیەتی.
هەر لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیەوە، سەرچاوەکانی ناو دەم پارتی بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمڕاڵی لەگەل ئەردۆغان پڕۆسەی ئاشتی خێراتر دەکات و دەشڵێن، وێنەی گەریلاکانی پەکەکە لە رێیە کە چەکەکانیان دادەنێن و لە مانگی تەمموزدا وێنەکان بڵاودەکەنەوە.
ی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی دەسەڵاتی تورکیا، دەست بە پرۆسەی چارەسەری کرا.
پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، 5 جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە.
ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی مانگی ئایار، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.